شەوی ڕابردوو شەپۆلێکی نوێی بەفربارین سنووری شارۆچکەی ئامێدی گرتەوە و تا ئێستا زۆرترین ڕێژە لە ناحیەی بامەڕنێ تۆمار کراوە، تیمەکانی ڕاماڵینی بەفریش بۆ کردنەوەی ڕێگەکان لە ئەرکدان.
لە شەوی ڕابردووەوە شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە جیاجیاکانی سنووری شارۆچکەی ئامێدی گرتووەتەوە و تیمەکانی ڕاماڵینی بەفر، سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگەوبانی دهۆک، بەردەوامن لە پاککردنەوەی ڕێگەوبانەکان بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ.
تیمی ڕاماڵینی بەفر لە سیارەتیکا بۆ سەرسەنگ بە کوردستان تیڤیی ڕاگەیاند، ڕێگەی سەرەکیی سیارەتیکا - سەرسەنگ کراوەیە و دۆخی هاتوچۆ تێیدا ئاساییە.
هاوکات لە ئێستادا تیمەکان لە ڕێگەی بەرئاشێ بۆ شارەدێی چەمانکێ کار دەکەن بۆ کردنەوەی تەواوەتیی ڕێگەکە و تیمەکانی شارەوانییش سەرقاڵی پاککردنەوەی کۆڵان و شەقامە ناوخۆییەکانن.
بەپێی ئامارەکان، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بڕی بەفربارین لە دەڤەری ئامێدی بەم شێوەیە بووە:
بامەڕنێ: 28 سانتیمەتر (زۆرترین بڕ).
ئامێدی: 26 سانتیمەتر.
کانی ماسێ: 24 سانتیمەتر.
سەرسەنگ: 23 سانتیمەتر.
چەمانکێ: 19 سانتیمەتر.
دێرەلووک: 6 سانتیمەتر.
شێلادزێ: 6 سانتیمەتر.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.