بەرپرسێكی ئێرانی ژمارەی كوژراوان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكانی چەند رۆژی رابردووی شارەكانی ئێران ئاشكرا كرد.
بەرپرسە ئێرانییەكە بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی راگەیادووە: دەسەڵاتداران پشتڕاستیان كردۆتەوە كە لانیكەم 5 هەزار كەس لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان كوژراون.
راشیگەیاندووە: نزیكەی 500 لەو كوژراوانە ئەندامی هێزە ئەمنییەكانی ئێرانن.
ئەو بەرپرسەی ئێران تیرۆریست و چەكدارە ئاژاوەگێڕەكانی بە كوشتنی ئەو ئێرانییە بێ تاوانانە تۆمەتبار كرد.
خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لە ئێران لە رۆژی 28ی كانوونی یەكەمی 2025 دەستیان پێ كرد و تا ئێستا رۆژ بەڕۆژیش گەورەتر و فراوانتر دەبێت، خۆپیشاندەران رەخنە لە خراپی دۆخی ئابووری و گرانبوونی بەردەوامی نرخی كاڵا و شتومەك دەگرن كە بەهۆیەوە ژیانی خەڵكی بەتەواوەتی سەخت كردووە.
لای خۆشییەوە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندەران دووپات كردۆتەوە و هەروەها هەڕەشەی توندی لە بەرپرسانی ئێران كردووە لەبەرامبەر ئەنجامدانی توندوتیژی بەرامبەریان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.