فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر باکووری ڕۆژئاوای سووریا، سەرکردەیەکی باڵای سەر بە ڕێکخراوی قاعیدەیان کوشتووە. ئەم هێرشە وەک وڵامێک بووە بۆ ئەو كەمینەی کە مانگی ڕابردوو بووە هۆی کوژرانی دوو سەربازی ئەمریکی و وەرگێڕێک.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سێنتکۆم، هێرشەکە لە ڕۆژی 16ـی کانوونی دووەم ئەنجام دراوە و ئامانج لێی "بیلال حەسەن ئەلجاسم" بووە. ناوبراو وەک سەرکردەیەکی بەئەزموونی گرووپە تیرۆریستییەکان وەسف کراوە کە بەرپرسیار بووە لە داڕشتنی پلانی هێرشەکان. زانیارییە هەواڵگرییەکان دەریان خستووە کە ئەلجاسم پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بەو چەکدارەی داعشەوە هەبووە کە لە 13ـی کانوونی یەکەمی 2025دا كەمینەکەی داناوە، هەروەها پەیوەست بووە بەو هێرشەی کە لە شاری تەدمور (پاڵمیرا) کرایە سەر هێزە ئەمریکی و سوورییەکان و ژمارەیەک قوربانیی لێ کەوتەوە.
ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا، لەم بارەیەوە وتی: "کوژرانی ئەم تیرۆریستە کە دەستی هەبووە لە کوشتنی سێ هاووڵاتیی ئەمریکی، پەیامێکی ڕوونە و سووربوونی ئێمە نیشان دەدات لە ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی هێرش دەکەنە سەر هێزەکانمان."
ئەدمیراڵ کووپەر جەختیشی کردەوە: "هیچ پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەوانە نییە کە پلانی هێرشکردنە سەر هاووڵاتییان و سەربازانی ئەمریکا دادەڕێژن؛ ئێمە لە هەر شوێنێک بن دەیاندۆزینەوە."
ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێکە لە هەڵمەتێکی بەرفراوانی سێنتکۆم بە ناوی "Hawkeye Strike" (لێدانی چاوی باز)، کە دوای هێرشەکەی 13ـی کانوونی یەکەم دەستی پێ کردووە. لە چوارچێوەی ئەم هەڵمەتەدا، هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان توانیویانە زیاتر لە 100 بنکەی ژێرخان و کۆگای چەکی داعش لەناو ببەن، ئەوەش لە ڕێگەی بەکارهێنانی زیاتر لە 200 مووشەک و تەقەمەنیی ورد و زیرەکەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ئامارەکان دەری دەخەن کە گوشارەکان بۆ سەر پاشماوەکانی تیرۆریستان لە سووریا بەردەوامە. لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان زیاتر لە 300 چەکداری داعشیان دەستگیر کردووە و زیاتر لە 20 چەکداری دیکەشیان کوشتووە، کە بەمەش مەترسییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئاسایشی ناوچەکە دوورخستووەتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.