ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا بانگەوازی "ئامادەباشیی گشتی"ی ڕاگەیاند و هێزەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقی بە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان و هەڵگیرساندنی شەڕ تۆمەتبار کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئیدارەی خۆسەردا هاتووە، لە بەیانی دوێنێوە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق لە چەندین بەرەی جیاوازەوە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە). ئەمە لە کاتێکدایە کە "سەرەڕای هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و نیشاندانی نیازپاکی لە ڕێگەی کشانەوە لە هەندێک ناوچە، دیمەشق پێداگرە لەسەر بەردەوامبوونی بژاردەی سەربازی."
ئیدارەی خۆسەر داوای لە تەواوی گەلی ناوچەکە کردووە کە لە ئامادەباشیی تەواودا بن و پرەنسیپی "بەرگریی ڕەوا" بکەنە بنەمای کارەکانیان. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "داوا لە گەلەکەمان دەکەین پاڵپشتی هێزە سەربازییەکانیان بن، شارەکانیان بپارێزن و بەشداری لە جەنگی پاراستنی کەرامەتدا بکەن."
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئامانجی ئەم هێرشانە لێدانی "برایەتیی گەلان" و نانەوەی فیتنە و ئاژاوەیە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئیدارەی خۆسەر جەختی کردووەتەوە: "ئێمە لەبەردەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوەداین؛ یان بە کەرامەتەوە بەرگری دەکەین و دەژین، یان ڕووبەڕووی هەموو جۆرە زوڵم و سوکایەتییەک دەبینەوە."
لە کۆتاییی ڕاگەیەندراوەکەدا، داواکارییەکی تایبەت ئاراستەی گەنجانی ناوچەی "جەزیرە و کۆبانی" کراوە کە چەک هەڵبگرن و ئامادەی بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی چاوەڕوانکراو بن. ئیدارەی خۆسەر دەڵێت: "دەبێت بزانین کە ئێمە لەبەردەم شەڕی مان و نەمانداین، بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی شۆڕش و ناسنامەکەمان، تەنها یەک بژاردەمان لەبەردەمدایە ئەویش بەرگریی جەماوەرییە."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.