ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا ئامادەیی نیشانداوە وڵاتەكەی رۆلی نێوەندگیر بگێڕێت لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا بۆ نەهێشتنی ئاڵۆزییەكان و سەقامگیری ناوچەكە.
كۆشكی كیرملین لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: ئەمڕۆ هەینی ڤلادیمیر پووتین سەرۆكی رووسیا و بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە تەلەفۆن قسەیان كردووە.
لە راگەیەنراوەكەدا هەروەها هاتووە: لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا پووتین جەختی لە چڕكردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەكان كردووەتەوە بۆ نەهێشتنی ئاستەنگەكان و كەمكردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەكان و هێنانەكایەی سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
ئاماژە بەوەشدراوە: پووتین چەند پێشنیارێكی پێشكەشی نەتانیاهۆ كردووە بۆ سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە خۆی لە چالاككردنی هەنگاوە دیپلۆماسییەكان دەبینێتەوە.
كۆشكی كیرملین ئاماژەی بەوەشداوە كە پووتین ئامادەیی رووسیای نیشانداوە بۆ ئەوەی رۆلی نێوەندگیر لەنێوان ئیسرائیل و ئێراندا بگێڕێت.
جەختیشی كردەوە كە پووتین و نەتانیاهۆ رێككەوتوون لەسەر ئەوەی پەیوەندییەكانیان بەردەوام بێت بۆ گفتوگۆكردن سەبارەت بە ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.