Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 04:40

قائیمقامیەتی سلێمانی شوێنێکی نایاساییی سەربڕینی ئاژەڵی داخست و هۆشداری دەداتە چێشتخانەکان

کوردستان TV
100%

لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، لەسەر بنەمای زانیاریی هێزە ئەمنییەکان، دەستیان بەسەر شوێنێکی بەخێوکردنی ئاژەڵدا گرت لە ناوچەی تانجەرۆ کە بەشێوەیەکی نایاسایی ئاژەڵی تێدا سەر بڕدراوە، هاوکات بەرپرسێکی قائیمقامیەت هۆشداریی توند دەداتە خاوەن چێشتخانەکان لە بەکارهێنانی گۆشتی بێمۆر.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، بێوەی ئەحمەد، سەرۆکی لیژنەی دوی قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایگەیاند؛ دوای ئەوەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانییەوە زانیارییان پێ گەیشتووە سەبارەت بە بوونی سەرپێچییەک، لیژنەکانیان سەردانی ناوچەی تانجەڕۆیان کردووە. لە ئەنجامدا دەرکەوتووە کە لە خانێکی بەخێوکردنی ئاژەڵدا، بە شێوەیەکی نایاسایی و بەدەر لە ڕێنمایی تەندروستی و ڤێتێرنەری، کاری سەربڕینی ئاژەڵ ئەنجام دەدرێت.

سەرۆکی لیژنەی دو ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی گەیشتنی لیژنەکە بۆ شوێنی مەبەست، دەست بەسەر ئاژەڵێکی سەربڕدراودا گیراوە کە خاوەنەکەی بەنیاز بووە گۆشتەکەی بگوازێتەوە بۆ بازاڕ. بەهۆی ئەوەی گۆشتەکە لە دەرەوەی کوشتارگە سەربڕدراوە و پشکنینی بۆ نەکراوە، دەستبەجێ دەستی بەسەردا گیراوە و بە مەبەستی لەناوبردنی، ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەریی سلێمانی کراوە.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، بێوەی ئەحمەد هۆشداریی دایە سەرجەم خاوەن چێشتخانە، ڕێستۆرانتەکان و ئەو شوێنانەی گۆشت لە دروستکردنی خواردندا بەکاردەهێنن و ڕایگەیاند: لیژنەکان لە سەردان و پشکنینەکانیان بۆ هەموو ئەو شوێنانە بەردەوام دەبن.

ناوبراو جەختی کردەوە، لە کاتی هەبوونی هەر بڕە گۆشتێکی بێمۆر لەو شوێنانەدا، واتە ئەو گۆشتەی کە لەلایەن کوشتارگەی سلێمانییەوە پشکنینی بۆ نەکراوە و مۆری لێ نەدراوە، شوێنەکە دادەخرێت و خاوەنەکەشی ڕووبەڕووی توندترین ڕێکاری یاسایی دەکرێتەوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.