Erbil 31°C چوارشەممە 17 حوزەیران 06:01

وەزیری سامانە سروشتییەکان: ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت گەیشتووەتە 270 هەزار بەرمیل و کێشەی هەناردەکردن نەماوە

کوردستان TV
100%

وەزیری سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، نوێترین زانیاری لەبارەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت، هەناردەکردن و دانوستانەکانی نێوان هەولێر و بەغدا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند کە هیچ کێشەیەک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێم نەماوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەم، کەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕایگەیاند: ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان گەشەسەندنی بەخۆوە بینیوە و ڕۆژانە لە نێوان 250 هەزار بۆ 270 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت. سەبارەت بە بڕی هەناردەکراویش، ڕایگەیاند کە لە دوای دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن، تا ئێستا 22 ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی دەرەوە کراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ماوەی ڕێککەوتنی سێقۆڵی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کە بڕیار بوو تا 12ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بێت، درێژکراوەتەوە بۆ 31ـی ئازاری ئەمساڵ. ئەم بڕیارەش بەو مەبەستەیە تا دەرفەت بدرێت بە حکوومەتی داهاتوو بۆ ئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەر بدات.

وەزیری سامانە سروشتییەکان جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ دابینکردنی مافە داراییەکان دەکات و هەوڵ دەدات پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2026 جێگیر بکات. بۆ ئەم مەبەستەش، حکوومەت لە پەیوەندی بەردەوامدایە و بەرنامەیەکی تۆکمەی ئامادە کردووە تا ببێتە بنەمایەکی سەرەکی لە دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی داهاتووی عێراق.

وەزیری سامانە سروشتیەکان، دووپاتی کردەوە کە لە ئێستادا هیچ ئاستەنگ و کێشەیەک لەبەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستاندا نەماوە و پڕۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.