رۆبەرت كینیدی وەزیری تەندروستی ئەمریكا چەند نهێنییەكی لەبارەی تەندروستی و سیستەمی خواردنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی وڵاتەكەی ئاشكرا كرد.
رۆبەرت كێنیدی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیمانەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی: ترەمپ لەنێو كۆشكی سپیدا خۆراكی تەندروست دەخوات و بەتەواوەتی پابەندی سیستەمی تەندروستی خۆراكی دەكات، هەروەها وەرزشیش دەكات و پارێزگاری لە توانای جەستەیی دەكات.
وەزیری تەندروستی ئەمریكا هەروەها گوتی: بەپێچەوانەوە ترەمپ لە گەشتەكاندا تەواو جیاوازە و گوێ بە خۆراكی تەندروست نادات، چونكە ترەمپ لە كاتی ئەنجامدانی گەشتدا تەنیا بڕوای بە خۆراكی بڕاند و كۆمپانیا گەورەكان هەیە و خواردنی دیكە ناخوات.
گوتیشی: ترەمپ لە گەشتەكانیدا نایەوێت نەخۆش بكەوێت، بۆیە تەنیا خۆراكی بڕاند و كۆمپانیا گەورەكان دەخوات.
رۆبەرت كینیدی نەشی شاردەوە كە سەرسامە بە توانای جەستەیی ترەمپ و پێی شتێكی سەیرە كە تا ئێستا پیاوێكی وەك ئەو لە تەمەنی 70 ساڵیدا بەو شێوازە لە ژیاندا مابێتەوە.
وەزیری تەندروستی ئەمریكا ئاماژەی بەوەش دا كە جەستەی ترەمپ وەك ئامێر بەهێزە و تا ئێستا كەسێكی دیكەی نەبینیوە وەك ئەو بە وزە و تەندروست بێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی دۆخی تەندروستییەوە لە شەوی سەری ساڵی نوێ بۆ رۆژنامەنووسان قسەی كرد و گوتی: دوو مانگ بەر لە ئێستا پشكنینێكی وردی ستی سكانم بۆ ئەنجامدرا، ئەنجامەكەشی وەك پزیشكەكان پێیان گوتووم لەوپەڕی باشیدا بووە و هیچ كێشەیەكی تەندروستیم نەبووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.