ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ساڵی نوێدا ئەنجامدا. لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیار و داواکارییەکی گرنگ ئاراستەی حکوومەتی فیدراڵ کران.
تەوەری کۆبوونەوەکە:
1- زیادکردنی پشکی هەرێم بۆ 14%
حکوومەتی هەرێم داوا دەکات لە یاسای بودجەی ساڵی 2026، بەشەبودجەی هەرێمی کوردستان بۆ 14% زیاد بکرێت. ئەم داواکارییە پشتبەستووە بە ئەنجامەکانی دوایین سەرژمێریی گشتی کە تێیدا دەرکەوتووە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم زیاتر لە 14%ی دانیشتووانی عێراقە.
2- خەرجکردنی مووچەی سێ ساڵ
ئەنجومەنی وەزیران جەختی کردەوە کە پێویستە بەغدا پابەند بێت بە ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران، لەوانە:
مووچەی مانگەکانی 11 و 12ی ساڵی 2025.
تەواوی ئەو مووچانەی ساڵانی 2023 و 2024 کە تا ئێستا خەرج نەکراون.
3- ڕادەستکردنی نەوت و داهاتەکان
حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند کە هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە:
ڕۆژانە بە تێکڕا 220 هەزار بەرمیل نەوت ڕادەستی کۆمپانیای "سۆمۆ" کراوە.
داهاتە نانەوتییەکان و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە ڕەوانەی بەغدا کراوە.
سەڕەڕای ئەمانە، وەزارەتی دارایی عێراق پارەی پێویستی بۆ خەرجییەکانی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە هەرێم خەرج نەکردووە.
4- پێکهێنانی لیژنەی دانوستانکار
لیژنەیەکی باڵا ڕاسپێردرا بۆ داڕشتنی چوارچێوەیەکی دەستووری و یاسایی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق. ئامانجی ئەم لیژنەیە جێگیرکردنی مافە داراییەکانی هەرێمە لە بەرنامەی کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵدا.
5- بەردەوامی هەناردەی نەوت
وەزیری سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێککەوتنی سێ لایەنی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە 3 مانگی کۆتایی ساڵی 2025 بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە و ڕێککەوتنەکە بۆ ساڵی نوێش نوێ کراوەتەوە.
حکوومەتی هەرێم دووپاتی دەکاتەوە کە مووچە مافێکی بنەڕەتییە و نابێت تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت، داواش لە وەزارەتەکانی دارایی و سامانە سروشتییەکان کرا هەموو بیانووەکانی بەغدا ببڕن بۆ ئەوەی چیتر شایستە داراییەکان دوانەکەون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.