عومرەکارێکی خەڵکی شاری هەولێر لە کاتی ئەنجامدانی فەریزەی تەواف لە مەککەی پیرۆز کۆچی دوایی کرد، بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمیش ڕایدەگەیەنێت، ئەمە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی عومرەکارانی هەرێمی کوردستانە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە وڵاتی سعودیە.
کاروان ستونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، عومرەکارێکی هەرێم بە ناوی مەحمود حاجی عومەر شکارتە لە کاتی ئەنجامدانی مەراسیمی تەواف لە مەککەی پیرۆز کۆچی دوایی کرد.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومڕەی هەرێم گوتی، عەمرەکارەکە خەڵکی گوندی شکارتەیە و دانیشتووی شاری هەولێرە، لە ساڵی 1966 لەدایبووە و لە تەمەنی ٦٠ ساڵی لە کاتی ئەنجامدانی فەریزەی عومرە و لە نێو ماڵی خودا (کاتی تەوافکردن) گیانی سپاردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەمە دووەم حاڵەتی گیانلەدەستدانی عومرەکارانی هەرێمە لە وڵاتی سعودیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە (2026). لە ئێستاشدا ڕێکارەکان بۆ بەخاکسپاردنی تەرمەکەی لە شاری مەککە دەستیپێکردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرەخۆشی لە خانەوادەکەی دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.