دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا پەیامێكی بەپەلەی ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ئێران كرد و تێیدا بەڵێنی پێدان كە هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ ئەوان لە رێگایە".
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ئەمڕۆ سێشەممە پۆستێكی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تروس سۆشیال) بۆ خۆپیشاندەرانی ئێران بڵاوكردۆتەوە و نووسیویەتی "بەردەوام بن لە خۆپیشادان و كۆنتڕۆلی دامەزراوەكان بكەن".
ترەمپ هەروەها نووسیویەتی "ناوی هەموو ئەو كەسانە بنووسن و تۆمار بكەن كە توندوتیژی ئەنجام دەدەن و هاووڵاتییان دەكوژن، بێگومان ئەوان باجێكی گەورە و قورس دەدەن".
سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشداوە "من سەرجەم كۆبوونەوە و چاوپێكەوتنەكانم لەگەڵ بەرپرسانی ئێران هەڵوەشاندۆتەوە".
لە كۆتایی پەیامەكەدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا دڵنیایی داوەتە خۆپیشاندەران و رایگەیاندووە "هاوكارییەكان بۆ ئێوە لە رێگایە".
دۆناڵد ترەمپ لە سەرەتای ئەم مانگە بەهەمانشیوە لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) لەبارەی خۆپیشاندانەكانی ئێرانەوە رایگەیاندبوو "ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بكات و بیانكوژێت، وەك پیشەی رابردووی، ئەوا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهانایانەوە دەچێت".
سەرۆكی ئەمریكا هەروەها رایگەیاندبوو "ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیداین و پڕ چەكین".
لە رۆژی 28ی مانگی رابردووەوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لە شارەكانی ئێران بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری و گرانی نرخی كاڵا و شتومەك و سەختی ژیان دەستیان پێ كرد.
بەگوێرەی ئامارەكانی رێكخراوی (ئێران هیومن رایتس وۆچ)، بەهۆی خۆپیشاندان تا ئێستا زیاتر لە 6 هەزار كەس لە شارەكانی ئێران كوژراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.