Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 05:27

ئێران وەڵامی هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ دەداتەوە

کوردستان TV
100%

بەرپرسێكی باڵای ئێران وەڵامی لێدوانەكەی ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای دایەوە سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتە.

عەلی لاریجانی سكرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) رایگەیاند: لێدوانەكەی ترەمپ و بەرپرسانی ئیسرائیل، نهێنی پشت پەردەی رووداوەكان ئاشكرا دەكەن.

راشیگەیاند "دەبێت ترەمپ بزانێت كە دەستوەردان لە ناوخۆی ئێران دەبێتە هۆی ناسەقامگیری لە ناوچەكە بە گشتی و هەروەها تێكدانی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا".

عەلی لاریجانی گوتیشی "ئێمە جیاوازی لەنێوان داواكاری رەوای خۆپیشاندەران و هەروەها كاری تێكدەرانە دەكەین".

ئاماژەی بەوەش دا "پێویستە گەلی ئەمەریكا ئەوە بزانێت كە ترەمپ سەرەتا دەستی بەم سەركێشییە كردووە و پێویستە گیانی سەربازەكانیان بپارێزن".

ئەمڕۆ هەینی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) پەیامێكی توندی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی ئێران بڵاوكردەوە و تێیدا هەڕەشەی لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كرد ئەگەر توندوتیژی و كوشتن لە خۆپیشاندانەكان ئەنجام بدەن.

دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو "ئەگەر ئێران تەقە لە خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بكات و بیانكوژێت، وەك پیشەی رابردووی، ئەوا وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا راستەوخۆ بەهانایانەوە دەچێت".

سەرۆكی ئەمریكا هەروەها رایدەگەیاندبوو "ئێمە لەوپەڕی ئامادەباشیداین و پڕ چەكین و بە توندی گورزی سەربازی لە ئێران دەوەشێنین".

ماوەی هەفتەیەكە لە شارەكانی ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان دەستیان پێ كردووە، خۆپیشاندانەكان بەهۆی خراپی گوزەران و بڵاوبوونەوەی هەژاری و برسێتی و خراپی دۆخی ئابووری وڵات و هەروەها دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانییەوەیە.

بەگوێرەی دوایین ئامارەكان، لە ئەنجامی خۆپیشاندانەكاندا تا ئێستا 7 كەس گیانیان لەدەستداوە، دەیانی دیكەش بریندار بوون.

بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەش، مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە ماوەی رابردوودا بەردەوام داوای لە وەزیری ناوخۆ و هێزە ئەمنییەكانی ئێران كردووە نەرمی بنوێنن و گوێ لە داواكاری ڕەوای خۆپیشاندەران بگرن و هەوڵ بدەن لە رێگەی نوێنەرەكانیانەوە بەشێوەی راستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بكەن و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.