ژمارەی كوژراوان بەهۆی خۆپیشاندانەكانی چەند رۆژی رابردووی شارەكانی ئێران بەرزبووەتەوە و تا ئێستا حەوت كەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی دوایین زانیاریی میدیاكانی ئێران، بەهۆی خۆپیشاندانەكان لە چوار شاری ئێران بەشێوەیەكی گشتی 7 كەس گیانیان لەدەستداوە، رۆژی چوارشەممە 2 كەس و دوێنێ پێنجشەممەش 5 كەس گیانیان لەدەستداوە.
خۆپیشاندانەكان بەتایبەت لە شارەكانی ئەزنا لە پارێزگای لوڕستان و خوڕەم ئاباد لە پارێزگای ماندەران بەرفراوان بووە و هەزاران كەس هاتوونەتە سەر شەقامەكان و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران دروستبووە.
بەرپرسانی پۆلیس بەردەوام داوا لە هاووڵاتییان دەكەن چاودێری رۆلەكانیان بكەن و لێ نەگەڕێن پەیوەندی بە خۆپیشاندەر و تێكدەرانەوە بكەن.
ئەمڕۆ هەینی خۆپیشاندان لە شارەكانی ئێران پێ دەنێتە رۆژی شەشەمەوە، هۆكارەكەشی بۆ خراپی گوزەران و دۆخی ئابووری وڵات و هەروەها ناڕەزایەتییەكان سەبارەت بە شكستی حكوومەت لە سیاسەتی ئابووری وڵاتە.
بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەش، مەسعوود پزیشكیان سەرۆك كۆماری ئێران بەردەوام داوا لە وەزیری ناوخۆ دەكات گوێ لە داواكاری ڕەوای خۆپیشاندەران بگرن و هەوڵ بدەن لە رێگەی نوێنەرەكانیان بەشێوەی راستەوخۆ قسەیان لەگەڵ بكەن و داواكارییەكانیان جێبەجێ بكەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.