مارک ساڤایا، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2026ەوە، پەیامێکی توندی بڵاوکردەوە. ساڤایا لە پەیامەکەیدا تەنیا بە پیرۆزبایی نەوەستا، بەڵکو هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی دایە گەندەڵکاران و بەڵێنی دا کە ئەمساڵ دەبێتە ساڵی "عێراقێکی جیاواز".
نوێنەرەکەی ترەمپ لە پەیامەکەیدا ڕاشکاوانە ڕووی دەمی کردە ئەو کەسانەی دەستیان لە گەندەڵیدا هەیە و ڕایگەیاند: "کاتی ئەو کەسانەی لەسەر خاکی عێراق گەندەڵییان دەکرد کۆتایی هات؛ ئێستا کاتی عێراق و عێراقییەکانە." ئەو جەختی کردەوە کە کارکردنی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی عێراق تەنیا لە چوارچێوەی دەستوور و یاسادا دەبێت بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی گەش.
مارک ساڤایا لیستێکی وردی لەو گرفتانە خستە ڕوو کە بڕیارە لە ساڵی 2026دا کۆتاییان پێ بهێنرێت. گرنگترین خاڵەکانی پەیامەکە بریتین لە:
ئاسایش و سەقامگیری: کۆتاییهێنان بە چەکی بێسەروبەر، میلیشیاکان، گرژییە ناوخۆییەکان و دەستوەردانی دەرەکی.
جەنگی دژە گەندەڵی: بنبڕکردنی تاڵانکردنی سامانی وڵات، سپیکردنەوەی پارە، گرێبەستە وەهمییەکان و فێڵکردن لە یاسا.
خزمەتگوزاری و دادپەروەری: چارەسەرکردنی قەیرانەکانی بێکاری، هەژاری، نەخوێندەواری و کۆتاییهێنان بە نادادی و ستەم.
ساڤایا لە پەیامەکەیدا ستایشی گەلی عێراقی کرد و وتی: "هێز و خۆڕاگریی ئێوە سەرچاوەی ئیلهامە بۆ جیهان. ساڵی نوێ دەبێتە ساڵی هەلی باشتر و سەقامگیری بۆ هەموو عێراقییەکان." ئەو دووپاتی کردەوە کە ئامانجیان گۆڕینی عێراقە بۆ وڵاتێک کە جێگەی شانازی بێت بۆ هەموو هاوڵاتییانی.
پەیامەکەی نوێنەری ئەمریکا بە دەستەواژەیەکی کورت هات: "ئێمە ئێستا دەست پێ دەکەین"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ و کردارەکی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.