Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 01:23

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای بەرزکردنەوەی باج و سنووردارکردنی فرۆشتنی کحول دەکات

کوردستان TV
100%

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی ئاشکرای  کرد، کیشوەری ئەوروپا بەرزترین ڕێژەی بەکارهێنانی ماددە کحولییەکانی هەیە لە جیهاندا و ساڵانە نزیکەی 800 هەزار کەس بەو هۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، کحول هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەو پێکان و ڕووداوانەی کە دەکرێت ڕێگرییان لێ بکرێت، هەروەها هۆکارێکی سەرەکیی گیانلەدەستدانە لە ئەوروپا.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە داوە، بەکارهێنانی کحول لە ئەوروپا دەبێتە هۆی نزیکەی 800 هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان لە ساڵێکدا، بە واتایەکی دیکە، لە هەر 11 حاڵەتێکی مردن، یەکێکیان بەهۆی بەکارهێنانی کحولەوەیە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "کحول ماددەیەکی ژەهراوییە و نەک تەنیا دەبێتە هۆی تووشبوون بە 7 جۆری شێرپەنجە و نەخۆشییە ناگوازراوەکان، بەڵکو توانای کۆنتڕۆڵکردنی خود لاواز دەکات، کاردانەوەکان خاو دەکاتەوە و هاندەرە بۆ ئەنجامدانی ڕەفتاری مەترسیدار". هەروەها هۆشداریداوە کە ئالوودەبوون بە کحول مەترسییەکی تایبەت لەسەر گەنجان دروست دەکات و دەبێتە هۆی کەمئەندامبوون و مردنی پێشوەختە.

لە کۆتاییدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی چەند ڕاسپاردەیەکی بۆ وڵاتان خستووەتە ڕوو بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کحول، لەوانە: زیادکردنی باج و بەرزکردنەوەی نرخی خواردنەوە کحولییەکان، سنووردارکردنی کات و شوێنی فرۆشتن، قەدەغەکردن یان سنووردارکردنی ڕیکلامکردن و توندکردنەوەی یاساکانی تایبەت بە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەژێر کاریگەریی کحولدا.
 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.