بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی ئاگادارییەک بۆ شۆفێران بڵاو دەکاتەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی بارانی بەلێزمەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە شاڕێی بازیان - سلێمانی دروست بووە و بە بڕیاری پارێزگار بازگەی تاسڵوجە بەشێوەیەکی کاتی داخراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بەهۆی بارانبارینی بەلێزمەوە ئاستەنگێکی زۆر لە شاڕێی سەرەکیی بازیان بە ئاراستەی سلێمانی و بەپێچەوانەوە، بەتایبەت نزیک چێشتخانەی "کانی شەیتان" دروست بووە.
هاتوچۆی سلێمانی بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتیی گیانی شۆفێران و ئۆتۆمبێلەکانیان، داوا دەکات تا ئاساییبوونەوەی دۆخی کەشوهەوا، شۆفێران ئەو شەقام و شاڕێیە بەکار نەهێنن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیاندراوەکدا هاتووە: "لەسەر فەرمانی پارێزگاری سلێمانی بەشێوەیەکی کاتی بازگەی تاسڵوجە بەڕووی شۆفێراندا داخراوە و دۆخەکە لەژێر چاودێریدایە، مەفرەزەکانی هاتوچۆش لەو سنوورەدا لە ئەرکدان و هاوکاریی شۆفێران دەکەن".
بەڕێوەبەرایەتییەکە دڵنیایی دەدات کە بە ئاساییبوونەوەی دۆخی کەشوهەوا، ڕەوشی هاتوچۆ ئاسایی دەکرێتەوە و ئاگاداری بڵاو دەکەنەوە. هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراودا لەڕێگەی ژمارە 188ـەوە پەیوەندی بە کۆنترۆڵی هاتوچۆی سلێمانییەوە بکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.