Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 05:01

توێژینەوەیەک: دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ جگەرەکێشان باشترین بژاردەیە بۆ تەندروستیی دڵ و جەستە

کوردستان TV
100%

توێژینەوەیەکی تازه‌ کە زانکۆی پزیشکیی "جۆنز هۆبکینز" ئەنجامیداوە، ده‌ریخستووه‌ تەنها کەمکردنەوەی ژمارەی جگەرەکان مرۆڤ لە مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان ناپارێزێت، به‌ڵكو وازهێنانی تەواوەتی لە جگەرەکێشان باشترین ڕێگایە بۆ باشترکردنی تەندروستی.  دڵ و جه‌سته‌.

داتا جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە جگەرەکێشان هێشتا قەیرانێکی تەندروستیی گەورەیە، چونکە ساڵانە دەبێتە هۆی زیاتر لە 8 ملیۆن حاڵەتی گیانلەدەستدان لە جیهاندا، لەو ژمارەیەش زیاتر لە 7 ملیۆنیان جگەرەکێشی کاران و زیاتر لە 1.3 ملیۆن حاڵەتیش بەهۆی هه‌ڵمژینی دوكه‌ڵی جه‌گه‌ره‌كێشه‌.

ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌:  زانایان و توێژه‌رانی توێژینه‌وه‌كه‌ توێژینەوەیان لەسەر پەیوەندیی نێوان بڕی جگەرەکێشان و ماوەکەی و هەروەها ماوەی وازهێنان لێی و کاریگەریی لەسەر نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان کردووە.

لەم کارەدا پشتیان بە داتایەکی فراوان بەستووە کە لە 22 توێژینەوەی بە کۆمەڵەوە کۆکراونەتەوە و 323 هەزار کەسی گرتووەتەوە، بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ بەدواداچوونیان بۆ کراوە، کە تیایدا زیاتر لە 125 هەزار حاڵەتی مردن و 54 هەزار تووشبوون بە نەخۆشیی دڵ تۆمار کراوە.

توێژەران نموونەی ئاماریی پێشکەوتوویان بەکارهێناوە بۆ شیکردنەوەی پەیوەندیی مێژووی جگەرەکێشان و ژمارەی جگەرە ڕۆژانەکان و په‌یوه‌ست بە مەترسییەکانی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

ئەنجامەکان دەریانخستووە کە جگەرەکێشان تەنانەت ئه‌گه‌ر بە بڕێکی کەمیش بێت وەک چەند جگەرەیەک لە ڕۆژێکدا مەترسیی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

توێژەران جەختیان کردەوە كه‌ باشترین رێگه‌ بۆ پاكبوونه‌وه‌ی سییه‌كان و ته‌ندروستی دڵ و جه‌سته‌ وازهێنانی یه‌كجاره‌كییه‌ له‌ جگه‌ره‌ كێشان.

ڕاپۆرتە پزیشکییەکان بەردەوامن لە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە جگەرەکێشان هۆکارێکی سەرەکییە بۆ زۆرێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان لەوانەش شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک.

 

 

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.