Erbil 31°C پێنجشەممە 25 حوزەیران 19:46

ماریا زاخارۆڤا: هەوڵەکانی ئۆکراینا بۆ سڕینەوەی زمانی ڕووسی بێسوودن

کوردستان TV
100%

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ بە وردی شیکردنەوە بۆ دەقی کۆتایی بڕیارەکەی پەرلەمانی ئۆکراینا دەکات سەبارەت بە لادانی زمانی ڕووسی لە لیستی زمانە پارێزراوەکانی ئەو وڵاتە و جەخت دەکاتەوە کە ئەم هەوڵانە بێهوودەن.

ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ بە دڵنیاییەوە شیکردنەوە بۆ دەقی کۆتایی ئەو بەڵگەنامەیە دەکات کە پەرلەمانی ئۆکراینا ئامادەی کردووە.

زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەش دا، مۆسکۆ چاودێریی ئەو پڕۆسەیەی "لادانی زۆرەملێی زمانی ڕووسی" دەکات کە کیێڤ جێبەجێی دەکات و بە بڕوای ئەو ئەم سیاسەتە لەم دواییانەدا بووەتە هۆی شکست و کاریگەریی پێچەوانەی لێ کەوتووەتەوە.

گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا وەک بەڵگە بۆ قسەکانی، ئاماژەی بە ئەنجامی ڕاپرسییەک کرد کە لەلایەن دەستەی خزمەتگوزاریی حکوومی بۆ کوالێتیی خوێندن و کۆمیسیۆنی پاراستنی زمانی حکوومی لە ئۆکراینا ئەنجام دراوە و لە 6ـی تشرینی دووەمی ڕابردوو بڵاو کراوەتەوە.

بەگوێرەی داتاکانی ئەو ڕاپرسییە کە زاخارۆڤا خستیەڕوو: "66%ـی خوێندکارانی قوتابخانەکانی کیێڤ لە پۆلەکاندا بە زمانی ئۆکراینی قسە ناکەن و 82%ـیشیان لە کاتی پشوودا بەکاری ناهێنن، تەنها 18%ـی خوێندکاران لەو دامەزراوە پەروەردەییانەدا بە ئۆکراینی دەدوێن".

هەروەها گوتی: "سەرباری ئەوەش، 24%ـی مامۆستایانی کیێڤ دان بەوەدا دەنێن کە لە پۆلەکاندا زمانی ڕووسی بەکاردەهێنن و 40%ـیشیان لە کاتی پشوودا بەو زمانە قسە دەکەن".

لە کۆتاییدا زاخارۆڤا ڕایگەیاند: "لایەنی ڕووسی چەندین جار باسی لە بێهوودەیی هەوڵەکانی ڕژێمی کیێڤ کردووە بۆ گۆڕینی زۆرەملێی شوناسی زمانیی دانیشتووانی ئۆکراینا".
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.