وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشكرای دەكات، 20%ی كۆی گشتی دانیشتووانی عێراق كرێچین و لە خانووی كرێدا ژیان بەسەر دەبەن.
عەبدولزەهرە ئەلهنداوی گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند: بەگوێرەی داتاكان 20%ی دانیشتووانی عێراق كرێچین، هەروەها 5%ی دانیشتووانی عێراق لە خانووی تەجاوز و كەلاوەكاندا ژیان بەسەر دەبەن.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتیشی: 29%ی خانووەكانی عێراق قەرەباڵغن و خێزانی گەورەیان تێدا دەژیت، ئەمەش نزیكەی سێ لەسەر یەكی كۆی گشتی دانیشتووانی عێراق پێكدەهێنێت.
عەبدولزەهرە ئەلهنداوی سەبارەت بە چەمكی خێزانی قەرەباڵغ ئاماژەی بەوە دا، لە هەر ژوورێكدا 3 كەس یان زیاتر بژین.
گوتیشی: عێراق هەموو ساڵێك پێویستی بە دروستكردنی 250 قوتابخانەی نوێ هەیە بۆ ئەوەی لەگەڵ گەشەی دانیشتووان دانەبڕێت و یەك بگرێتەوە.
لە كۆتاییدا جەختی كردەوە كە ئێستا عێراق پێویستی بە ملیۆن و نیوێك یەكەی نیشتەجێبوون هەیە بۆ ئەوەی كێشەی كرێچیان و قەرەباڵغی خێزان چارەسەر بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.