ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی کانوونی یەکەمی 2025 لە هەولێر، سەرۆک مەسعود بارزانی لەگەڵ مایکل ڕیگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و شاندێکی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
لەدیدارەکەدا جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان نیشان دا و پیرۆزبایی سەرکەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرکەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد. هەروەها سوپاسی ڕۆڵ و پێگەی سەرۆک بارزانی کرد لەپێشخستنی هەرێمی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە.
جێگری وەزیری دەرەوی ئەمریکا هەروەها باسی لە بەردەوامی و فراوانکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرد لە هەموو بوارەکاندا و کردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکای لە هەولێر بە هەنگاوێکی گرنگ وەسف کرد و رایگەیاند، کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان پەیامێکی ڕوونە کە ئەمریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە.
جێگری وەزیری دەرەوی ئەمریکا ڕاشیگەیاند: ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بۆ هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمریکاش پشتیوانی لە هەرێمی کوردستان دەکات.
هەر لەو دیدارەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندی ئیدانەی هێرشەکەی سەر كێڵگەی غازی کۆرمۆری کرد و داوای کرد کە ئەم کارە تێکدەرانە کۆتایی پێ بهێنرێن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ئەمڕۆی بە ڕۆژێکی مێژوویی وەسف کرد لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بە کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و هەولێری پایتەخت.
سەرۆک بارزانی لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە مێژووی چەوساندنەوەی گەلی کوردستان لەلایەن ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق کرد و ڕایگەیاند: ئەو دەرفەتەی کە لە ڕاپەڕین بۆ گەلی کوردستان دروستبوو و ئەو ڕۆڵەی ئەمریکا و ئەنجوومەنی ئاسایش لە دامەزراندنی ناوچەی دژەفڕین بۆ پاراستنی کوردستان هەیانبوو، بووە هۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت سوود لەم دەرفەتە وەربگرێت و پڕۆسەیەکی دیموکراسی بهێنێتە ئاراوە و لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە حکوومەت و پەرلەمان و دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان بنیات بنێت.
سەرۆک بارزانی هەروەها باسی لە ڕۆڵی گرنگی ئەمریکا لە شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش کرد و باسی لەوە کرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەم شەڕەدا شەهید و قوربانییەکی زۆری دا، بەڵام ئەگەر پشتیوانیی ئەمریکا نەبوایە قوربانییەکان زیاتر دەبوون.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ڕۆلی گرنگی ئەمریکا لە ناوچەکەدا و سوپاس و پێزانینی گەلی کوردستانی ئاراستەی ئەمریکا کرد و رایگەیاند: گەلی کوردستان گەلێکی بە وەفایە بەرامبەر ئەو پشتیوانی و هاوکارییانەی ئەمریکا بۆی هەبووە و پاڵپشتیی خۆی نیشان دا بۆ بەردەوامی و باشترکردنی پەیوەندی نێوان هەردوولا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.