لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان بە شێوەیەکی هێمنانە دۆخی قەزای خەباتیان کۆنترۆڵ کردووەتەوە و ئەو کەسەشیان دەستگیر کردووە کە هاندەر و سەرکێشی ئاژاوەکان بووە و هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی داوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە 1ـی کانونی یەکەمی 2025، کۆمەڵێک کەسی هاندراو هەوڵی ئەنجامدانی کاری ئاژاوەگێڕی و تەقەکردن و سووتاندنی شوێنە گشتی و فەرمییەکانیان لە قەزای خەبات داوە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان توانیویانە بە شێوەیەکی هێمنانە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکەن.
لیژنەکە ئاشکرای کردووە، لەو چوارچێوەیەدا "سەرکێشی ئاژاوەگێڕییەکان کە کەسێکە بە ناوی (نێچیرڤان عیسا میرمسو) لە کاتی ڕاکردنی لە ڕێگای کەرکووک دەستگیر کراوە و ڕاپێچی بەردەم یاسا کراوە".
لەبارەی تۆمەتەکانی ئەو کەسەوە ئاماژە بەوە کراوە کە ناوبراو خەڵکی بۆ هەڵگرتنی چەک و تەقاندنەوەی دامەزراوە ئابووری و نیشتمانییەکان هانداوە.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە تەواوی ئەوانەی بوونەتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری و ئاژاوەیان ناوەتەوە، ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە و ئاشکراکردنی پیلانەکانی ئەو گرووپە و ئەوانەی پاڵنەری بوون بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکان بەجێدەهێڵن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.