بڕیارە ئەمڕۆ لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب بکرێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 30 تشرینی دووەمی 2025، مەراسیمی کردنەوەی پێشانگەکە بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و لەژێر دروشمی زاخۆ دەخوێنێتەوە (زاخۆ دخوینت) بەڕێوە دەچێت.
لە پێشانگەکەدا 20 هەزار ناونیشانی جیاوازی کتێب و سەرچاوەی مەعریفی نمایش دەکرێن و دەخرێنە بەر دیدی خوێنەران. هاوکات 50 دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ناوخۆیی و بیانی تێیدا بەشدارن، کە نوێنەرایەتیی 10 وڵاتی جیاواز دەکەن.
پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە زاخۆ بۆ ماوەی 6 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. دەرگای پێشانگەکە ڕۆژانە لە کاتژمێر 10:00ـی بەیانییەوە تاوەکو 06:00ـی ئێوارە بە ڕووی سەردانیکەراندا کراوە دەبێت.
جێگەی ئاماژەیە، لە پەراوێزی ڕۆژانی پێشانگەکەدا، کۆمەڵێک چالاکیی ڕۆشنبیری و ئەدەبیی جۆراوجۆر پێشکەش دەکرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.