Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 21:56

بەرپرسی دەزگای کازیوە میدیا لە کەلار لە لایەن هێزێکی ئەمنییەوە ڕفێنراوە

کوردستان TV
100%

هێزێکی ئەمنی لە شاری کەلار بەرپرسی دەزگای میدیایی "کازیوە"یان دەستگیر کردووە و بەرەو شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە، سەنتەری میترۆش هۆشداری دەدات لە شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان و شاردنەوەی زانیاری لە کەسوکاریان.

محەممەد ساڵح، پەیامنێری کوردستان تیڤی لە کەلار ڕایگەیاند، شەوی ڕابردوو هێزێکی ئەمنی، "کاروان کەلاری"، رۆژنامەنووس و بەرپرسی دەزگای "کازیوە میدیا"، زمانحاڵی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستانیان دەستبەسەر کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ سلێمانی و تا ئێستا چارەنووسی دیار نییە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی "کازیوە میدیا"، کاروان کەلاری، لە کاتژمێر 6:00ی ئێوارەی ڕۆژی 25ی تشرینی دووەمی 2025ـەوە بێسەروشوێن کراوە. دەزگاکە ڕایگەیاندووە "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە دەڕواننە دۆخەکە، چونکە خۆیان و خانەوادەکەی هیچ زانیارییەکیان لەبارەی شوێن و دۆخی تەندروستیی ناوبراوەوە نییە."

کازیوە میدیا بەرپرسیارێتی پاراستنی گیان و سەلامەتی کاروان کەلاریی خستووەتە ئەستۆی هێزە ئەمنییەکانی سنوورەکە و داوای کردووە دەستبەجێ لێکۆڵینەوە بکەن و چارەنووسی ئاشکرا بکەن.

لەلایەکی دیکەوە، ڕەحمان غەریب، بەرپرسی سەنتەری میترۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک وردەکاریی زیاتری خستووەتەڕوو و ڕایگەیاندووە؛ دوێنێ هێزێکی ئەمنی لە کەلار کاروان کەلارییان دەستگیرکردووە.

ڕەحمان غەریب ئاماژەی بەوە کردووە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو کەسوکار و هاوڕێکانی سۆراخیان کردووە و وڵامیان دەست نەکەوتووە، بەیانیی ئەمڕۆ بە شێوەی "نافەرمی" زانراوە کە ناوبراو لەلایەن "ئاسایش"ـەوە دەستگیرکراوە، بەڵام تا ئێستا هۆکار و تۆمەتەکەی نەزانراوە و تەنانەت لقی پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە کەلار ئاگادار نەکراونەتەوە.

بەرپرسی سەنتەری میترۆ ڕەخنەی توندی لە شاردنەوەی شوێنی دەستگیرکراوان گرتووە و نووسیویەتی: "تێناگەم بۆ کە هاوڵاتییەک دەستگیر دەکەن، بە کەسوکارەکەی ناڵێن لای ئێمەیە و ئەمە تۆمەتەکەیەتی؟".

سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنەکە، ڕەحمان غەریب گومانی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت: "هیوادارم پەیوەندی بە بڵاوکردنەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی پاسەوانەکانی لاهور شێخ جەنگییەوە نەبێت، چونکە ئەو تەنها هەواڵی دەستگیرکردنی ئەو دوو گەنجەی بە لایڤ بڵاوکردووەتەوە."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.