Erbil 31°C سێشەممە 23 حوزەیران 21:05

ئەرجەنتین بە فەرمی باڵیۆزخانەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئورشەلیم

کوردستان TV
100%


پابڵۆ کویرنۆ، وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین ئاشکرای کرد کە وڵاتەکەی لە ئامادەکاریدایە بۆ سەردانێکی نوێی خاڤێر مایلی، سەرۆکی ئەرجەنتین بۆ ئیسرائیل و لەو سەردانەشدا بە شێوەیەکی فەرمی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەرجەنتین بۆ ئورشەلیم ڕادەگەیەنرێت.

کویرنۆ لە میانەی وتارێکدا لە کۆڕبەندی ئابووری ئەرجەنتین-ئیسرائیل لە بۆینس ئایرس ڕایگەیاند: "سەرقاڵی پلاندانانین بۆ سەردانی سەرۆکی وڵات بۆ ئیسرائیل تاوەکو پرۆسەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەکەمان بۆ ئورشەلیم یەکلایی بکەینەوە."

بەپێی زانیارییەکانی گۆڤاری "بۆینس ئایرس تایمز"، ئەم لێدوانە دوای دیدارێکی نێوان خاڤێر مایلی و گیدئۆن ساعیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل هاتووە. بڕیارە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا وەزیری دەرەوەی ئەرجەنتین سەردانی ئیسرائیل بکات بۆ دیاریکردنی بەرنامەی کاری سەردانەکەی سەرۆک مایلی.

گیدئۆن ساعیر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دوای کۆبوونەوەکە وتی: "گفتوگۆمان کردووە لەبارەی سەردانی نزیکی سەرۆکی ئەرجەنتین بۆ کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە ئورشەلیم کە پایتەختی هەتاهەتایی ئێمەیە."

ڕۆژنامەی "ئورشەلیم پۆست" لەسەر زاری وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلەوە بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارە باڵیۆزخانەی ئەرجەنتین لە ئورشەلیم تا بەهاری ساڵی ٢٠٢٦ بە فەرمی بکرێتەوە. پێشتریش سەرۆکی ئەرجەنتین بەڵێنی ئەوەی دابوو کە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە دەگوازێتەوە بۆ ئورشەلیم".

ساعیر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، ستایشی هەڵوێستەکانی مایلی کردووە و بە "یەکێک لە باشترین دۆستەکانی ئیسرائیل لە جیهاندا" وەسفی کردووە.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆسیەی حیزبوڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامی ئێران کراوە. وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای کردووە ئەرجەنتین سوپای پاسداران بخاتە لیستی تیرۆرەوە و لەبارەی هەوڵەکانی حیزبوڵا بۆ خۆڕێکخستنەوە زانیاریی داوەتە سەرۆکی ئەرجەنتین.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.