سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا داهاتووی پڕۆسەی سیاسیی عێراق، ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کران.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جۆشوا هاریس، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، داهاتووی پڕۆسەی سیاسی لە وڵات و دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.
هەردوولا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە و هاوڕا بوون کە بەرژەوەندی و بەهای هاوبەش ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەبەستێتەوە، هەر لەمبارەیەوە باسیان لە بوارەکانی هاریکاریی نێوانیان کرد.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان، هەردوولا بەڕێوەچوون و سەرکەوتنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بە هەنگاوێکی گرنگ و ئەرێنی لەقەڵەم دا و هیوایان خواست ببێتە هۆکاری بەرەوپێشچوونی پڕۆسەی سیاسی لە وڵات و وەڵامدەرەوەی داواکاری و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییان بێت.
پەیوەندییەکانی هەولێر ـ بەغدا، گرنگیی یەکدەنگیی لایەنە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق و دۆخی ناوچەکە بەگشتی، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.