ئەمریکا و ئۆکراینا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە گەیشتوونەتە چوارچێوەیەکی نوێ و هەموارکراو بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ئەم چوارچێوەیە کە هەموارکراوی پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە، دوای دانوستانە چڕەکانی نێوان شاندەکانی هەردوولا لە جنێڤی سویسرا ڕاگەیەنرا. بەپێی بەیاننامەکە، گفتوگۆکان "زۆر بەرهەمدار" بوون و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا درێژەیان هەبێت.
کۆشکی سپی ئاشکرای کردووە چوارچێوە نوێیەکە گەرەنتیی ئەمنیی بەهێزتر لەخۆدەگرێت. شاندی ئۆکراینیش ڕایانگەیاندووە پلانەکە "ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانیانە".
مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا کە سەرۆکایەتیی دانوستانەکانی دەکرد، ئاماژەی بەوە دا هێشتا کار لەسەر ڕۆڵی ناتۆ دەکرێت، بەڵام توانیویانە خاڵە ناکۆکەکانی ناو "پلانە ٢٨ خاڵییەکەی ترەمپ" کەم بکەنەوە و بە شێوەیەکی وردتر دایبڕێژن.
وڵاتانی ئەورووپا کە سەرەتا نیگەران بوون لەوەی پلانەکە زۆر لە بەرژەوەندیی مۆسکۆدایە، دوای هەموارکردنەوەکان پەیوەندییان بە گفتوگۆکانەوە کردووە. ئەورووپییەکان پێشنیاریان کردووە سوپای ئۆکراینا گەورەتر بێت و ئاڵوگۆڕی خاک لەسەر بنەمای هێڵەکانی ئێستای شەڕ بێت، نەک ناوچە دیاریکراوەکانی ڕووسیا.
ئەمە لە کاتێکدایە ترەمپ مۆڵەتی تا ڕۆژی پێنجشەممە داوە بە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی بۆ قبوڵکردنی مەرجەکان، کە بریتییە لە دەستبەرداربوونی بەشێک لە خاک، سنوردارکردنی سوپا و نەچوونە ناو ناتۆ؛ مەرجگەلێک کە بۆ زۆرێک لە سەربازان و هاوڵاتییانی ئۆکراینا وەک "خۆبەدەستەوەدان" دوای چوار ساڵ جەنگ تەماشا دەکرێت. ترەمپ وتویەتی ئەمە "پێشنیاری کۆتایی" نییە.
سەرچاوە ئاگادارەکان بە ئاژانسی ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە ئەگەری هەیە لەم هەفتەیەدا زێلێنسکی بۆ گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ترەمپ سەبارەت بە هەستیارترین خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە، بەتایبەت پرسی خاک، سەردانی ئەمریکا بکات.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدان کە دۆخی مەیدانی بۆ ئۆکراینا لە مەترسیدارترین قۆناغدایە؛ ڕووسیا لە چەندین بەرەوە پێشڕەوی کردووە و ژێرخانی وزەی وڵاتەکە بەهۆی مووشەک و درۆنەکانی ڕووسیاوە وێران کراوە، کە بووەتە هۆی بێبەشبوونی ملیۆنان کەس لە کارەبا و گەرمی. هاوکات زێلێنسکی لە ناوخۆدا بەهۆی دۆسیەی گەندەڵیی هەندێک لە وەزیرەکانی و فشارەکانەوە لە دۆخێکی دژواردایە و هۆشداریی داوە لەوەی ڕەنگە ئۆکراینا "کەرامەت و ئازادی"ی خۆی لەدەست بدات.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.