میدیاكانی ئیسرائیل ئاشكرایان كرد، ئەمڕۆ یەكشەممە لە هێرشێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، كەسی دووەمی حزبوڵا كرایە ئامانج و كوژرا، وەزارەتی تەندروستی لوبنانیش لەبارەی قوربانییەكان رایگەیاند، كەسێك كوژراوە و 21 كەسی دیكەش بریندار بوون.
رادیۆی سوپای ئیسرائیل بڵاوی كردەوە: دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ باڵەخانەیەكی نیشتەجێبوون لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان كرایە ئامانج.
بلاویشی كردەوە: لەنێو باڵەخانەكەدا ئەبوو عەلی تەبتەبائی سەرۆكی ئەركان و كەسی دووەمی حزبوڵا هەبوو.
سوپای ئیسرائیل ئەمە سێیەمجارە هەوڵی كوشتنی عەلی تەبتەبائی دەدات و لە دوو جاری رابردوودا هەوڵەكان شكستیان هێناوە.
بەگوێرەی زانیاری میدیاكانی ئیسرائیل، ئەم هێرشە بەبێ ئاگاداركردنەوە و زانیاری ئەمریكا ئەنجامدراوە.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لەبارەی قوربانییەكان لە ئەنجامی هێرشەكەدا رایگەیاند: لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا دەركەوتووە كەسێك كوژراوە و 21 كەسی دیكەش بریندار بوون.
وێنە: ئەبوو عەلی تەبتەبائی ئەو سەركردەیەی حزبوڵا كە ئەمڕۆ كوژرا:-

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.