Erbil 31°C شەممە 25 تەمووز 21:57

لووتکەی G20 لە باشووری ئەفریقا دەستی پێ کرد

کوردستان TV
100%

چالاکییەکانی لووتکەی گرووپی بیست (G20) ئەمڕۆ شەممە لە باشووری ئەفریقا دەستی پێ کرد، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا بایکۆتی لووتکەکەی کردووە. سەرۆکی باشووری ئەفریقا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵ دەدات جەخت لەسەر گەشەپێدانی "باشووری جیهانی" بکاتەوە و داوای کرد بۆ گەیشتن بە گەشەپێدان، دابەشبوونە ئابوورییەکان تێپەڕێنرێن.

چالاکییەکانی لووتکەی گرووپی بیست (G20) ئەمڕۆ شەممە 22ـی تشرینی دووەم لە باشووری ئەفریقا دەستی پێ کرد. لووتکەکە لە جۆهانسبێرگ بەڕێوە دەچێت و بۆ یەکەمجارە کیشوەری ئەفریقا میوانداریی لووتکەی ئەم گرووپە دەکات، بەڵام بە بایکۆتی ئەمریکا دەستی پێ کرد.

سیریل ڕامافوزا، سەرۆکی باشووری ئەفریقا، لە وتارێکدا لە دەستپێکی لووتکەکەدا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەوڵی داوە کە ڕاستگۆیی و پێگەی گرووپی بیست بپارێزێت.

جەختی لەوە کردەوە کە باشووری ئەفریقا هەوڵی داوە "لە ئەجێندای گرووپی بیستدا بە شێوەیەکی ڕوون و جێگیر، جەخت لەسەر لەپێشینەکانی گەشەپێدان لە باشووری جیهانی و ئەفریقا" بکرێتەوە. هەروەها دووپاتی کردەوە کە نابێت متمانەی ئەم گرووپە بخرێتە ژێر پرسیارەوە.

سەرۆکی باشووری ئەفریقا داوای کرد، دابەشبوونەکانی ناو ئابووری تێپەڕێنرێن و هاوکاری و لێکتێگەیشتن لەنێوان وڵاتانی جیهاندا بەهێز بکرێت، بەو پێیەی ئەمە مەرجێکە بۆ بەدیهێنانی گەشەپێدان.

گوتیشی: "دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ گەورەکردنی گەشەپێدانی ئابووری و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا".

سەرۆکی باشووری ئەفریقا پێی وابوو کە زیادبوونی ململانێ جیۆپۆلەتیکییەکان داهاتووی هاوبەشیان دەخاتە مەترسییەوە و داوای کرد کە بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گەشەپێدانی بەردەوام لە 2030، وەبەرهێنان لە وڵاتانی تازە گەشەسەندوودا بکرێت.

ئاماژەی بەوەشدا کە پێویستە کار بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان لە جیهاندا، هەروەها بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری و بێکاری، بەتایبەتی لە وڵاتانی باشووری جیهانی.
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.