Erbil 31°C یەکشەممە 21 حوزەیران 21:03

یه‌كێتی ئه‌وروپا: له‌گه‌ڵ كیێڤ پلانی ئاشتی له‌گه‌ڵ رووسیا داده‌ڕێژین   

کوردستان TV
100%

یەکێتی ئەوروپا ئه‌مرۆ پێنجشەممە جەختی لەوە کردەوە کە یه‌كگرتنی خۆی و کیێڤ زۆر پێویستە بۆ سەرکەوتنی هەر پلانێکی ئاشتی لەگەڵ رووسیا، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ئۆکراینا ئاشکرای کرد کە پێشنیارێکی نوێی ئەمریکای پێگەیشتووە بۆ کۆتاییهێنان بەو شەڕە کە پێویستی بە دەستبەرداربوونی خاکی وڵاتەکەی دەبێت.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر رۆژئاوای ئۆکراینا بۆ 26 کەس و زیاتر لە 90 کەسیش بریندار بوون، مۆسکۆ ئه‌مڕۆ پێنجشەممە تەرمی هەزار کەسی رادەستی کیێڤ کرد و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەوانە سەربازانی ئۆکراینان کە لە شەڕەکەدا کوژراون.

ئەم پێشهاتانە پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بەڕێوەچوو و کایا کالاس بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یه‌كێتی ئه‌وروپا رایگەیاند، گەیشتن بە ئاشتی لە ئۆکراینا تەنها بە بەشداری ئەوروپییەکان و ئۆکراینییەکان دەکرێت.  

لای خۆیه‌وه‌، ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لەگەڵ گەیشتنی بۆ کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "ئاشتی بە مانای تەسلیمبوون نییه‌".

جەختی لەوەش کردەوە، "ئۆکراینییه‌کان هەمیشە هەر جۆرە تەسلیمبوونێک رەتدەکەنەوە و هەروەها پابەندبوونی ئەوروپییەکانی بە ئاشتییەکی دادپەروەرانە و بەردەوام دووپاتکردەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە دەمانەوێت ئاشتییەکی بەردەوام گەرەنتی بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگریی لە هەر دەستدرێژییەکی زیاتری رووسیا لە سەر ده‌ستی ڤلادیمێر پووتیندا بێته‌ كایه‌وه‌.

هاوكات، بەرپرسێکی باڵای ئۆکرانیا کە داوای کردووە ناوی ئاشکرا نەکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، پلانە نوێیەکەی ئەمه‌ریکا ئەو مەرجانە لەبەرچاو دەگرێت کە پێشتر رووسیا خستوویه‌تیه‌ڕوو، ئەو داواکاریانەی کە دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا بە تەسلیمبوونیان زانیوە.

سەرچاوەیەکی دیکە ڕوونی کردەوە کە لە ڕەشنووسی پێشنیارەکەدا دانپێدانان بە نیمچە دوورگەی کریمە و ناوچەکانی دیکەی ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیا و کەمکردنەوەی قەبارەی سوپا بۆ 400 هەزار سەرباز دیاری کراوە.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌مڕۆ دەسەڵاتدارانی ئۆکراینا لەم پلانە ئەمریکییە ئاگادارکراونه‌ته‌وه‌، بەڵام نەیانزانیووه‌ کە ئایا دۆناڵد ترەمپ پاڵپشتی دەکات یان لەلایەن کەسانی نزیک لە خۆیەوە دەرچووە.

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.