Erbil 31°C شەممە 20 حوزەیران 14:11

سەرۆکوەزیرانی عێراق: پێکهێنانی حکومەتی نوێ بەپەلە و بەپێی دەستوور دەبێت

کوردستان TV
100%


بەغدا، 18ی تشرینی دووەمی 2025 - محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، جەختی لەسەر پێویستیی خێرا پێکهێنانی حکومەتی نوێ کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئەم پرسە هاوڕان. سودانی ئەم لێدوانەی لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2025) لە شاری بەغدا دا.

کاریگەریی ئەنجامی هەڵبژاردن و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت

سوودانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان هەمیشە یەکلاکەرەوە نەبووە بۆ پێکهێنانی حکومەت و جێبەجێکردنی داواکارییەکان. لەبارەی هاوپەیمانییەکەی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان)، سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە ئەم هاوپەیمانییە ئێستا بەشێکی سەرەکیی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەیە و دوێنێ کۆبوونەتەوە بۆ پێکهێنانی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی.

هەروەها ڕایگەیاند کە چوارچێوەی هەماهەنگی دەست بە گفتوگۆ دەکات لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە چوارچێوەی "ئاسۆی نیشتمانی" بۆ دابینکردنی شایستە دەستوورییەکان، داڕشتنی کارنامەی حکومەتی داهاتوو و دابەشکردنی پۆستەکان.

خواستی سیاسی بۆ پابەندبوون بە وادەی دەستووری

سوودانی جەختی لەسەر هەوڵی زۆری سەرجەم هێزە سیاسییەکان بۆ پابەندبوون بە وادەی دەستووریی پێکهێنانی حکومەتی نوێ کردەوە. وتیشی هەڵبژاردنەکان بە ئارامی بەڕێوەچوون و هیچ سکاڵایەکی ئەوتۆ تۆمار نەکراوە، ئەمەش نیشانەی متمانەی هێزە سیاسییەکانە بە پرۆسەکە.

ئاسۆی سودانی بۆ خولی داهاتوو

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری مانەوەی وەک سەرۆکوەزیران بۆ خولی داهاتوو، سوودانی ڕایگەیاند کە ئەمە ئاواتێکی کەسی نییە، بەڵکو ئامادەیییە بۆ هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و تەواوکردنی پڕۆژەی دەستپێکراو. "سەرکەوتنی شایستەمان هەیە، بە تایبەت بۆ ئەو هاوپەیمانییەی کە پلەی یەکەمی بەدەستهێنا لەم هەڵبژاردنەدا. پرۆژە و ڕێکارمان هەیە بۆ قۆناغی داهاتوو. گرنگ ئەوەیە پڕۆژەکە چۆنە و چۆن بتوانین پێشکەشی گەلەکەمان بکەین بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان،" سودانی وای گوت.

پێویستیی سەقامگیریی یاسای هەڵبژاردن و گۆڕانکارییەکان

سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردن، سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە کە لەگەڵ سەقامگیریی یاسای هەڵبژاردندان، چونکە دروست نییە لە هەر خولێکدا یاسایەک گۆڕانکاری بەسەردا بێت. هاوکات پشتگیریی خۆی بۆ داوای سەرۆک بارزانی بۆ گۆڕینی یاساکە دەربڕی و گوتی: "لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانیدا هاوڕاین سەبارەت بە بەفیڕۆچوونی دەنگەکان. کاتێک ئێمەش دەنگەکانی هاوپەیمانییەکەمان بەسەر کورسییەکاندا دابەش کرد، دەنگێکی زۆرمان بەفیڕۆ چوو. هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە ملیۆنێک و 317 هەزار دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام ئەمە لەگەڵ ژمارەی کورسییەکانی پەرلەماندا ناگونجێت."

سوودانی داوای کرد کە لە پەرلەمان گفتوگۆی زیاتر بکرێت و ڕاپۆرتێک لەلایەن نوێنەرانی گەلەوە ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەی یاسایەکی دادپەروەرانە دابنرێت کە ڕەنگدانەوەی دەنگی هاوڵاتییان بێت و ڕێگری لە بەهەدەردان و بەفیڕۆچوونی دەنگەکان بگرێت.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.