گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند، تێچووی حەجی ساڵی داهاتوو 7,100,000 دینارە. ئاماژەی بەوەشدا کە ئەمساڵ سەرۆکی حکوومەت پاڵپشتیی دارایی پڕۆسەی حەجی کردووە و دوا وادەش بۆ تەواوکردنی مامەڵەکان 27/11/2025ـە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17 تشرینی دووەمی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی کوردستان ڕایگەیاند: تێچووی حەجی ساڵی داهاتوو 7,100,000 (حەوت ملیۆن و سەد هەزار) دینارە.
کاروان ستوونی ئاگاداریی ئەو هاووڵاتییانە دەکاتەوە کە دوێنێ ناویان لە تیروپشکەکەدا دەرچووە، دەتوانن سبەی سهردانی نووسینگهكانی حهج و عومره بكهن بۆ تهواوكردنی مامهڵهكانیان و دانانی تێچووی حهج.
گوتەبێژی حەج و عومرەی کوردستان ئاشکرای کرد، بەپێی ئەو داتایەی لە ژمێریاریی حەج و عومرە وەرگیراوە، ئەمساڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕە پارەیەکی باش پاڵپشتیی پڕۆسەی حەجی کردووە، بەمەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتیان، هەروەک ساڵانی ڕابردوو کە بە بڕیار و ڕەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، هاوکاری و پاڵپشتیی پڕۆسەی حەج کراوە.
هەروەها، کاروان ستوونی ڕوونی کردەوە کە ئەمساڵ گەشتی وشکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ حاجیان نابێت و سەرجەم حاجیانی کوردستان بە گەشتی ئاسمانی گەشت دەکەن.
سەبارەت بە پێداویستییەکان بۆ تەواوکردنی مامەڵەی حەج، گوتەبێژەکە باسی لەوە کرد کە ئەوانەی ناویان بۆ حەج دەرچووە پێویستە بڕە پارەی دیاریکراو (7,100,000) دینار ئامادە بکەن، لەگەڵ پاسپۆرت و کۆپیی ڕەنگاوڕەنگی پاسپۆرت و کارتی نیشتیمانی و کارتی زانیاری، کە هەموویان لە یەک لاپەڕە کۆپی بکرێن. دوا کات بۆ وەرگرتنی مامەڵەکان و پێدانی تێچووی حەج ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 27/11/2025 دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.