وەزیری دەرەوەی ئێڕان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لە پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، پیتاندنی یۆرانیۆم ڕاگیراوە و هیچ جۆرە پیتاندنێک ناکرێت لەبەر ئەوەی دامەزراوەکانی پیتاندنی یۆرانیۆم هێرشیان کراوەتە سەر.
عەباس عێراقچی لە باش پەشداریکردنی لە کۆڕبەندی گفتوگۆی تاران لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی ئێرانی و بیانیی دایەوە و ئاماژەی بەوە کرد: "هیچ جۆرە دامەزراوەیەکی ڕانەگەیاندراو و نهێنی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران نییە و هەموو ئەو دامەزراوانەی لەم بوارەدا کاریان دەکرد لەچوارچێوەی چاودێرییەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا بوون".
گوتەکانی وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاتێکدایە کە لە ڕۆژانەی ڕابردوودا ڕاگەیاندنەکانی ئەمریکا و لەوانەش نیۆیۆرک تایمز و واشنتۆن پۆست باسیان لەوە کردبوو ئێران بە خێرایی خەریکی دروستکردنی بنکەیەکی ئەتۆمی بۆ پیتاندنی یۆرانیۆمە.
ئاشکراشیان کردبوو ئەو بنکە ئەتۆمییە لە ژێر زەوی و لە شوێنێک بە ناوی "شاخی کۆلەنگ" لە نزیک بنکەی ئەتۆمیی نەتەنز هەڵکەوتووە.
لە دوایین ڕۆژی جەنگی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، هێزی ئاسمانیی ئەمریکا بە فەرمانی دۆناڵد ترەمپ سێ بنکەی ئەتۆمیی ئێرانی لە نەتەنز، فۆردۆ و ئیسفەهان بۆردومان کرد و دوای ئەم هێرشانە ترەمپ ڕایگەیاند توانیویانە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران بە تەواوی لەناو ببەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.