سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێشتا بەنیازە سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی بی بی سی (BBC) تۆمار بکات بەهۆی شێوازی دەستکاریکردنی وتارێکی لە یەکێک لە بەرنامەکان و مەزەندەی سکاڵاکەی بە یەک تا پێنج ملیار دۆلار دەکات.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێشتا بەنیازە سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵی بی بی سی تۆمار بکات بەهۆی شێوازی دەستکاریکردنی وتارێکی لە بەرنامەی "پانۆراما"ـی تەلەڤیزیۆنی.
ئێوارەی ڕۆژی هەینی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەنووسان لەناو فڕۆکەی "ئێرفۆرس وەن" گوتی: "پێدەچێت هەفتەی داهاتوو سکاڵا لەسەریان تۆمار بکەین بە بڕی یەک تا پێنج ملیار دۆلار".
دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ کیێر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا قسە دەکات.
ڕۆژی هەینی، بی بی سی ڕایگەیاندبوو کە دەستکاریکردنی وتارەکەی 6ـی کانوونی دووەمی 2021 لە بەرنامەی پانۆراما "ئەم تێگەیشتنە هەڵەیەی دروست کردووە کە دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ داوای کردبێت هەنگاوی توندوتیژی ئەنجام بدرێت." بی بی سی داوای لێبوردنی لە سەرۆکی ئەمریکا کرد، بەڵام گوتی کە قەرەبووی دارایی نادات.
پێشتر لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، پارێزەرەکانی دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەیان کردبوو کە ئەگەر بی بی سی بەیاننامەیەک بۆ ڕەتکردنەوەی قسەکان و داوای لێبوردن و قەرەبووی یەک ملیار دۆلار بڵاو نەکاتەوە، سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن. بی بی سی ڕۆژی هەینی 14ـی تشرینی دووەم، پێش کاتی دیاریکراو وەڵامی پارێزەرەکانی ترەمپی دایەوە.
ئەم ناکۆکییە لەسەر شێوازی دەستکاریکردنی وتارەکانی دۆناڵد ترەمپ، بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی تیم دەیڤی، بەڕێوەبەری گشتیی بی بی سی و دیبۆرا ترنێس، سەرۆکی بەشی هەواڵی کەناڵەکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.