سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی رایگەیند، لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمدا شاری سلێمانی بە هەموو چینوتوێژەكانیەوە باوەشی گەرمی بۆ بارزانیی نەمر و بارزانییە دوورخراوەكان كردەوە.
ئەمڕۆ هەینی 14ـی تشرینی دووەم، سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی پەیامێکی پیرۆزبای ئاراستەی خەڵکی شاری سلێمانی کرد و رایگەیاند: سلێمانی شاری بەگژداچوونەوەی ستەمكار و زۆردار و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە یادی 241 ساڵەی بنیاتنانی شاری سلێمانیدا پیرۆزباییەكی گەرم ئاراستەی خەڵكی خۆشەویستی سلێمانی، شاری شێخی نەمر و شاری هەڵمەت و قوربانی دەكەم. سلێمانی بەشی ئازیزی كوردستانە، شاری شەهیدانی ۹ی حوزەیران و مەنعە تەجەوەلەكەی 1963 و شاری بەگژداچوونەوەی ستەمكار و زۆردار و ڕژێمە یەك لەدوای یەكەكانە. سلێمانی وەك هەر شار و دەڤەرێكی تری كوردستان هەمیشە شوێنی هەڵكەوتنی ئەدیب و شاعیر و كەسایەتی و تێكۆشەر و شۆڕشگێڕانی كورد بووە و ڕۆڵی گەورەی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا گێڕاوە. لە سەرەتای چلەكانی سەدەی بیستەمدا شاری سلێمانی بە هەموو چینوتوێژەكانیەوە باوەشی گەرمی بۆ بارزانیی نەمر و بارزانییە دوورخراوەكان كردەوە، ئەو ڕێز و پێشوازییە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.
لەو یادەدا هیوای ئارامی و ئاسوودەیی بۆ خەڵكی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەخوازم و شایستەی هەموو جۆرە پێشكەوتن و پێشەنگین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.