وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا چوار گرووپی چه‌پڕه‌وی توندڕه‌وی بنکه‌دار له ئه‌ڵمانیا، ئیتالیا و یۆنانی وه‌ک "ڕێکخراوی تیرۆریستی" ناساند. ئه‌م‌ریکا ئه‌م گرووپانه به "گرووپه توندوتیژه‌کانی ئانتیفا" وه‌سف ده‌کات.
ڕۆژی هەینی 14ـی تشرینی دووەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئەمریکا، له به‌یاننامه‌یه‌کدا ڕایگه‌یاند ئەمریکا گرووپی "ئانتیفا ئۆست" له ئه‌ڵمانیا و سێ گرووپی دیکه‌ی له یۆنان و ئیتالیا خستووه‌ته لیستی "تیرۆریسته جیهانییه تایبه‌ته‌کان"ه‌وه.
ڕوبیۆ ئاماژه‌ی به‌وه‌دا که ئه‌م هه‌نگاوه به‌شێکه له جێبه‌جێکردنی "به‌ڵێنی تره‌مپ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڵمه‌تی توندوتیژیی سیاسیی ئانتیفا". ئاشکراشی کرد ئەمریکا به‌نیازه تا ڕۆژی 20ی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ، ئه‌م گرووپانه بخاته لیستی "ڕێکخراوه تیرۆریستییه بیانییه‌کان"یشه‌وه. هه‌روه‌ها هۆشداریی دا ئەمریکا هه‌نگاوی هاوشێوه دژی گرووپه‌کانی دیکه له سه‌رتاسه‌ری جیهاندا ده‌گرێته‌به‌ر.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا ڕایگه‌یاند: "گرووپه په‌یوه‌ندیداره‌کان به‌م بزووتنه‌وه‌یه‌وه، بڕوایان به ئایدیۆلۆژیای ئانارشیستی یان مارکسیستی شۆڕشگێڕی هه‌یه، له‌وانه دژه-ئەمریکاگه‌ری، "دژه-سه‌رمایه‌داری" و دژه-مه‌سیحییه‌ت، و ئه‌وان ئه‌م ئایدیۆلۆژیایانه بۆ هاندانی و پاساودانی هێرشه توندوتیژه‌کان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه به‌کارده‌هێنن."
له دوای تیرۆرکردنی چارلی کێرک، له مانگی سێپتێمبه‌ر و له میانه‌ی خۆپیشاندانه‌کانی دژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی کۆچبه‌رانی فیدراڵی له شاره‌کانی وه‌ک لۆس ئه‌نجلێس، شیکاگۆ و پۆرتلاند ئۆرێگن، تره‌مپ و هاوپه‌یمانه کۆمارییه‌کانی، ئانتیفایان تۆمه‌تبار کرد به په‌ره‌پێدانی توندوتیژیی سیاسی.
تره‌مپ، له سه‌رده‌می یه‌که‌می حکومڕانییه‌که‌یدا، هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی کردبوو ئانتیفا دادگایی ده‌کات و له مانگی سێپتێمبه‌ری ڕابردووش‌دا، له فه‌رمانێکی بەڕێوەبەریدا به "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" ناوی برد.
به‌پێی ڕاپۆرتی خزمه‌تگوزاریی لێکۆڵینه‌وه‌ی کۆنگرێس له ساڵی 2020، ئانتیفا، که کورته‌کراوه‌ی "دژه فاشیست"ه، بزووتنه‌وه‌یه‌کی نا ناوه‌ندییه و هیچ پێکهاته‌یه‌کی ڕوون، زنجیره‌یه‌کی فه‌رمانده‌یی یان سه‌رکرده‌یه‌کی نییه.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئەمریکا ڕایگه‌یاندووە ئانتیفا ئۆست، له‌نێوان ساڵانی 2018 تا 2023 چه‌ندین هێرشی دژی ئه‌و که‌سانه ئه‌نجام داوه که به "فاشیست" یان به‌شێک له "ڕاستڕه‌وه‌کانی ئه‌ڵمانیا" دایانناون. ئه‌م ڕێکخراوه‌یە هه‌روه‌ها تۆمه‌تبار کراوه به ئه‌نجامدانی زنجیره‌یه‌ک هێرشی توند له بووداپێست له ناوه‌ڕاستی مانگی شوباتی 2023.
ده‌زگای هه‌واڵگریی ناوخۆی ئه‌ڵمانیا له ڕاپۆرتی ساڵی 2024ی خۆیدا، گرووپی ئانتیفا ئۆستی وه‌ک تۆڕێکی توندوتیژ ناساندووه.
له‌نێوان کانوونی یه‌که‌می 2023 و تشرینی دووه‌می 2024، چوار که‌سی په‌یوه‌ندیدار به‌م گرووپه به تۆمه‌تی بە ئامانجگرتنی ئه‌وانه‌ی به "ڕاستڕه‌وی توند" دایانده‌نان، ده‌ستگیر کران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.