شاخەوان عەبدوڵڵا لە لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ڕایگەیاند: پارتی لە سنووری مەکتەبی ڕێکخستنی بەغدا توانیویەتی دوو کاندیدی خۆی سەر بخات و دەنگی سەرۆک بارزانی بۆ یەکێک لەو دوو کاندیدە بووە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ڕایگەیاند ساڵێک پێش ئێستا پلانمان بۆ ئەم ئامانجە داڕشتبوو و سەرەتا بەڵێنمان بە خەڵکی خانەقین و سەعدیە و جەلەولا و مەندەلی و قەرەتەپە و شارەبان و تەواوی هەڤاڵانمان لە سنووری لقی 15ی خانەقین دا کە کورسییەک بۆ کورد لە پارێزگای دیالی مسۆگەر بکەین.
ئاماژەی بەوەش کردووە کە هەر لە چوارچێوەی ئەم پلانەدا بڕیاریان داوە کورسیی کۆتای کوردانی فەیلی لە دەستی هێزەکانی تری عێراق دەربهێنن و بیگەڕێننەوە بۆ خاوەنی ڕاستەقینەی دۆزی فەیلییەکان کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە و دواتریش کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە کراوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکراشی کردووە سەرۆک بارزانی پشتگیریی تەواوی بۆ ئەو پلانە پێشان دا و "تەنانەت شانازیی ئەوەشمان بەر کەوت کە دەنگی جەنابیان بۆ بەربژێرمان بۆ کۆتای کوردانی فەیلی بێت" کە ئەویش حەیدەر عەلی محەممەد ناسراو بە حەیدەر فەیلییە.
لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، هەر یەک لە حەیدەر عەلی محمەمەد لەسەر پشکی کۆتای کوردانی فەیلی لە پارێزگای واست و نازک ئەحمەد محەممەد لە خانەقین سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و بوونە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.