وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند گەلە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جراڵد فۆرد، چووەتە ناوچەی ئەمریکای لاتین و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ ڕێگری لە قاچاغی ماددەی هۆشبەر و لاوازکردن و لەناوبردنی گرووپە مافیا نێودەوڵەتییەکانی ئەم ناوچەیە.
شۆن پارنێل، گوتەبێژی پێنتاگۆن ڕایگەیاند گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهان، هێزی ئەمریکا بۆ ناسین، چاوەدێری و لەناوبردنی چالاکییە نایاساییەکان کە دەبنە هۆی تێکچوونی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، زیاتر دەکات.
سوپای ئەمریکا لە ماوەی ڕابردوودا 19 هێرشی لە دژی بەلەم و کەشتییەکانی هەڵگری ماددەەی هۆشبەر لە زەریای هێمن و ناوچەی کارائیب ئەنجام داوە و لانیکەم 76 کەسی کوشتووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مانگی ڕابردوو فەرمانی دا ئەم کەشتییە فڕۆکەهەڵگرە لە ناوچەی ئەمریکای لاتین جێگیر بکرێت. پێشتریش هەشت کەشتیی جەنگی، ژێردەریاییەکی ئەتۆمی و کۆمەڵێک فڕۆکەی ئێف35ی ئەمریکی لە ناوچەی کارائیب جێگیر کرابوون.
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جراڵد فۆرد کە ساڵی 2017 خرایە خزمەتی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا، نوێترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکایە و 5 هەزار چەکداری ئەمریکی هەڵدەگرێت.
جێگیر کردنی ئەم کەشتییە لە ئەمریکای لاتین لە درێژەی پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ڤەنزۆئێلادایە و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆککۆماری ڤەنزۆئێلا ڕایگەیاندووە، زیادکردنی هێزەکانی ئەمریکا لەم ناوچەیە بە مەبەستی لە دەسەڵات لادانی ئەوە.
ئەمریکا، مادۆرۆی بە هاوکاریکردنی گرووپەکانی قاچاغی ماددەی هۆشبەر تۆمەتبار کردووە و 50 ملیۆن دۆلار خەڵاتی بۆ دەستگیرکردنی دیاری کردووە. سوپای ڤەنزۆئێلا لە بەرانبەردا ڕایگەیاندووە هێزێکی زۆری زەمینی، دەریایی، ئاسمانی و مووشەکیی لە کەناراوەکانی ئەم وڵاتە جێگیر کردووە و ئەمادەی بەرگری لە بەرانبەر هێرشی ئەمریکادایە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.