وەزارەتی پەروەردەی عێراق بریاری كۆتایی لەسەر پشووی قوتابخانەكان بەهۆی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان دا و رایگەیاند پشووەكە تەنیا ئەو قوتابخانە دەگرێتەوە كە بنكەی دەنگدانیان تێدایە.
پێشتر كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاندبوو: لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە رێككەوتووین لە رۆژی هەینی رێكەوتی 7/11/2025 قوتابخانەكانیان رادەست بكەن وەك ئامادەكارییەك بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان تاكو رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 12/11/2025.
لەمبارەیەوە ئەمڕۆ سێشەممە وەزارەتی پەروەردەی عێراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە: پشووەكان تەنیا ئەو قوتابخانانە دەگرێتەوە كە بنكەی دەنگدانیان تێیدایە و هەڵبژاردنیان تێدا ئەنجام دەدرێت.
بڵاویشی كردەوە: لە سەرجەم قوتابخانەكانی دیكەی حكوومی و ئەهلیدا دەوام ئاسایی و بەردەوام دەبێت و پشووەكە ئەوان ناگرێتەوە.
سەبارەت بە پشووی گشتیش لە سەرجەم دامودەزگاكانی حكوومەت، ئەمڕۆ سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا تەنیا رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كە رۆژی سێشەممە رێكەوتی 11/11/2025ـە پشوو دەبێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.