ئەمڕۆ چوارشەممە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی داوای ئاگربەستی لە سوودان کرد، دوای ئەوەی هەواڵی کوژرانی زیاتر لە 460 کەسی مهدهنی لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئەلفاشر لە دارفوور پشتڕاست كرایهوه.
رێکخراوی تهندروستیی جیهانی لە ڕێگەی پلاتفۆرمی "ئێکس" رایگەیاندووە: بە قووڵی نیگهرانین بەهۆی ئەو هەواڵانەی کە باس لە کوشتنی زیاتر لە 460 نەخۆش و پزیشك دەکەن لە نەخۆشخانەی منداڵبوونی سعوودییە لە شاری ئێلفاشەر لە سوودان، ئەمەش دوای هێرشەکانی ئەم دواییە و ڕفاندنی کارمەندانی تەندروستی .
به گوێرهی زانیارییهكان، هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە سەرۆکایەتی محەمەد داگەڵۆ کە ئیدارەیەکی هاوتەریبیان لە دارفوور دامەزراندووە، لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان، ڕۆژئاوای سوودان و بەشێک لە باشووریان کۆنترۆڵ کردووە.
لەبەرامبەردا سوپای سوودان ناوچەکانی باکور و ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی وڵاتەکەی بەدەستەوەیە کە زیاتر لە دوو ساڵە لە شەڕدا نوقم بوون.
شارەزایان ترسیان هەیە لە دابەشبوونی نوێی سوودان و گەڕانەوە بۆ ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە ناوچەی دارفوور لە دەیەی یەکەمی سەدەی بیست و یەکەمدا لەنێوان حکوومەت و میلیشیاکاندا رووی دا.
رێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوودان لە مانگی نیسانی 2023، 185 هێرشی بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان تۆمارکردووە و لە ئەنجامدا هەزار و 204 کەس گیانیان لەدەستداوە و 416 کەسیش برینداربوون.
لای خۆیهوه، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگهیاندووە: پێویستە هەموو هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە تەندروستییەکان له سوودان دەستبەجێ و بێ مەرج بووەستێرێن، پێویستە هەموو نەخۆش و کارمەندانی تەندروستی و دامەزراوە تەندروستییەکان بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی بپارێزرێن".
راشیگهیاندووە: ئهوهی ئێستا دهبینرێ كارهساتباره و پێشێلكارییهكی روونی یاسا نێودهوڵهتییهكانه له سوودان .

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.