ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 28ی تشرینی یەكەمی 2025 لە شاری دهۆك، سەرۆك مەسعود بارزانی سەردانی (كەلها نزاركێ)ـی كرد.
لەو سەردانەدا كە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ژمارەیەك لە بەرپرسانی حزبی و حكوومی یاوەری سەرۆك بارزانی بوون، سەرۆك بارزانی (كەلها نزاركێ)ـی بەسەركردەوە كە یەکێکە لە نیشانەکانی مەزلوومییەتی گەلی کوردستان، لەوێدا لە سەردەمی رژێمی پێشووی عێراقدا ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانمان بەشێوەیەکی نامرۆڤانە ئازار دراون و شەهید و ئەنفال کراون و بڕیارە ئەو شوێنە ببێتە مۆزەخانەیەکی نیشتمانی بۆ زیندووڕاگرتنی یادی شەهیدان و ئەنفالکراوان.
لەو سەردانەدا سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی نۆژەنكردنەوە و هەنگاوەكانی بوونی (كەلها نزاركێ) بە مۆزەخانەیەكی مێژوویی و نیشتمانی ئەنفال ئاگادارکرایەوە.
هەروەها سەرۆك بارزانی فاتیحەی بۆ گیانی ئەو شەهیدانە خوێندەوە كە لەو شوێنەدا بەدەستی ڕژێمی بەعس لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفالدا شەهید كران.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.