بریار وایه سبه‌ی سێشه‌ممه 28ی تشرینی یه‌كه‌م، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر قۆناغی سێیه‌می دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌ران به به‌رچاوی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن به‌ڕێوه بچێت، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێریش ده‌ڵێت، 7 هه‌زار و 500 پارچه زه‌وی تیروپشكی بۆ ده‌كرێت كه ده‌كه‌وێته رێگه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ولێر –دهۆک.
كارزان هادی سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر به كوردستان تیڤی راگه‌یاند، بریار وایه سبه‌ی سێشه‌ممه تیروپشک بۆ 7هه‌زار و 500 پارچه زه‌وی بكرێت بۆ فه‌رمانبه‌رانی سه‌نته‌ری پارێزگای هه‌ولێر، تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كارتی زانیاری‌یان ناو سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێره.
راشیگه‌یاند، به پێی ماسته‌رپلانی شاری هه‌ولێر زه‌وییه‌كان له شوێنی زۆرباش ئاماده كراون له رێگه‌ی سه‌ره‌كیی هه‌ولێر-دهۆک، به تایبه‌ت له "به‌رحوشتر، جێژنیكان و گرده‌چاڵ".
سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر ئه‌وه‌شی خسته ڕوو، تیروپشكه‌كه به به‌رچاوی ده‌زگاكانی راگه‌یاندن و پارێزگاری هه‌ولێر و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به شێوه‌ی كۆمپیوته‌ری و دادپه‌روه‌رانه به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌راندا به‌ڕێوه ده‌چێت.
جێی باسه، ئه‌وه قۆناغی سێیه‌می دابه‌شكردنی زه‌وییه كه سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ولێر له سنووری خۆی كاری له‌سه‌ر ده‌كات. قۆناغه‌كانی پێشوو تایبه‌ت بوون به زه‌وییه‌كانی ئاشۆكان و گرده‌چاڵ، ئێستا وردبینی بۆ ناوه‌كان ده‌كرێت و له داهاتوودا زه‌وییه‌كه به سه‌نه‌دی تاپۆ به شێوه‌ی یاسایی ده‌درێته فه‌رمانبه‌ران.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كان، له‌گه‌ڵ قۆناغی سێیه‌م تا ئێستا نزیكه‌ی 30 هه‌زار پارچه زه‌وی به‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانی ناو سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر دابه‌ش كراوه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.