Erbil 31°C پێنجشەممە 11 حوزەیران 01:22

نێچیرڤان بارزانی: عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێويستييان به‌ هاريكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌

کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە عه‌بدولئه‌مير ڕه‌شيد ياره‌ڵڵا، سوپاسالارى عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد و دووپاتی کردەوە عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێويستييان به‌ هاريكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌.

ڕۆژی سێشه‌ممه‌، 21ـی تشرینی یەکەم، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازيى له‌ فه‌ريقى يه‌كه‌مى ڕوكن عه‌بدولئه‌مير ڕه‌شيد ياره‌ڵڵا، سوپاسالارى عێراق و شاندێكى ياوه‌رى كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ك له‌ پله‌دارانى باڵاى سه‌ربازى و ئه‌منيى عێراق پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسان له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، ئاماده‌ى بوون، هاريكاريى هاوبه‌شى سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌روه‌ها په‌يوه‌ندييه‌ سه‌ربازى و ئه‌منييه‌كانى عێراق و ئه‌مه‌ريكا له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنى دوولايه‌نه‌ى ئه‌منيى نێوانياندا، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و دۆخى سووريا، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌يه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسايش و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا ده‌كات. له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیيه‌كانى تيرۆر و له‌ چوارچێوه‌ى ڕێككه‌وتنه‌ ئه‌منيیه‌كانى عێراقدا، هێشتا پێويستييان به‌ هاريكارى و پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌.

نێچیرڤان بارزانی، ستايش و پێزانينى بۆ ڕۆڵى سوپاى عێراق له‌ به‌رقه‌راركردنى ئاسايش و سه‌قامگيرى له‌ وڵات كرد، هه‌روه‌ها پته‌وكردنى هاريكاريى هاوبه‌شى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراقى به‌ پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا. لاى خۆيه‌وه سوپاسالارى عێراق دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئێستا هاريكاريى نێوان سوپا و پێشمه‌رگه‌ له‌ باشترين دۆخدايه‌ و له‌مباره‌يه‌وه‌ ستايشى ڕۆڵى سوپاسالارى پێشمه‌رگه‌ى كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا: پاراستنى ئاسايشى سنوور و دۆخى ده‌روازه‌ سنوورييه‌كان به‌تايبه‌تى له‌نێوان سووريا و عێراقدا، كۆتاييهاتنى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق له‌ ئه‌يلوولى 2026 و دۆخى دواى ئه‌و قۆناغه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.