لە هەنگاوێکدا کە ناکۆکییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی قووڵتر دەکاتەوە، پەرلەمانتارانی شیعە سکاڵا لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق تۆمار دەکەن.
ڕۆژی دووشەممە، 20ـی تشرینی یەکەم، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاوی کردەوە: سەبارەت بەو قەیرانەی هێزەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی"ی شیعە تێیدایە و کەمتر لە سێ هەفتە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی داهاتوو، 6 پەرلەمانتاری شیعە سکاڵایەکیان لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی تۆمار کرد".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لە عێراق دوێنێ یەکشەممە، سکاڵاکە لەلایەن شەش پەرلەمانتاری شیعە پێشکەش کراوە. سکاڵاکە سەبارەت بە ژمارەیەک پێشێلکاریی یاسایی، ئاراستەی دادگای تایبەتمەند بە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی ئەستۆپاکی کراوە.
ڕۆژنامەکە باسی لەوەش کردووە: هەرچەندە شەش پەرلەمانتارەکە، کە بریتین لە: "یوسف ئەلکلابی، یاسر حسێنی، فالح خەزعەلی، عەلا حەیدەری، هەیسەم فەهد، و محەمەد نوری" سەر بە فراکسیۆنە جیاوازەکانی شیعەن، بەڵام بەڕای چاودێرانی سیاسی، سنوورداربوونی سکاڵاکە تەنها بۆ پەرلەمانتارانی شیعە، نەک پێکهاتەکانی دیکە ("سوننە، کورد، و تورکمان") و لەسەر پێشێلکارییە یاساییەکان وەک لە سکاڵاکەدا هاتووە، دووپاتی دەکاتەوە کە ئەم سکاڵایە، بێ گوێدانە ئەنجامەکانی، دابەشبوونێکی ڕوونی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و یەکەم سکاڵای شیعەیە دژی سەرۆکوەزیرانێکی شیعە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش داوە: سکاڵاکە داوای لێکۆڵینەوە لە چەندین دۆسیەی پێشێلکاریی یاسایی دەکات، لەوانەش پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی هەڵبژاردن لەلایەن سوودانییەوە، بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ مەبەستی هەڵبژاردن لە ڕێگەی دەرکردنی کتێبی سوپاس و پێزانین بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت، دابەشکردنی پارچە زەوی، ئەمەش پێچەوانەی بەڵگەنامەی ئەستۆپاکیی هەڵبژاردنە کە لەلایەن چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراقەوە واژۆ کراوە.
هەروەها داواکاران داوای لێکۆڵینەوەیان کرد لەوەی بە پێشێلکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی باڵا لە لایەن سوودانییەوە دایدەنێن، کە بڕیار دەدات کۆتایی بە بەڕێوەبردنی پۆستە باڵاکان بە وەکالەت بهێنێت.
سەبارەت بەوەی ئایا ئەم سکاڵایە کاریگەریی لەسەر هاوپەیمانیی سوودانی (ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان)، یان چانسەکانی خۆی دەبێت لەسەر هەوڵەکانی بۆ وەرگرتنی خولێکی نوێ، عەلی تەمیمی شارەزای یاسایی بە شەرقولئەوسەتی گوت: "هەموو سکاڵایەک کە پێشکەش بە دادگا دەکرێت بەرهەمدار نییە، چونکە سکاڵای بەرهەمدار پشت بە بەڵگە و بەڵگەنامە دەبەستێت"، ڕوونی کردەوە کە "ئەم سکاڵایە سەرۆکوەزیران و هاوپەیمانییەکەی دەکاتە ئامانج، لە ڕاستیدا بەڵگەی نییە".
تەمیمی ڕوونیشی کردەوە "لە نێوان ئەو دۆسیانەی سکاڵاکە وروژاندوویەتی، پرسی دامەزراندن بە وەکالەتە لە فەرمانگە و دامەزراوەکانی دەوڵەتدا، لە کاتێکدا لە هەموو حکوومەتەکانی پێشوودا و نەک تەنها ئەم حکوومەتە، پرۆسەی دامەزراندن بە وەکالەت ئەنجام دەدرێت، هەروەها یاسای خزمەتی شارستانی ڕێگەی بە دامەزراندن بە وەکالەت داوە، جگە لەوەی حکوومەتی ئێستا لە مانگەکانی کۆتایی خولەکەیدایە، بۆیە دامەزراندن بە وەکالەت بۆ مەبەستی بەڕێوەبردنی کارەکانە لە وڵاتدا".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.