فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پرۆژەی دروستکردنی چەندین سایلۆی نوێی دەست پێ کردووە، کە چواریان بە گوژمەی 84 ملیار دینار تەواو بوون و توانای کۆگاکردنی 160 هەزار تۆنیان هەیە. هاوکات ئاشکرای کرد، وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا گەشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و بۆ 10% بەرزبووەتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیێندراوێکدا پلانی حکوومەتی بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی ئاسایشی خۆراک خستەڕوو.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، چوار سایلۆ لە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کە کۆی گشتیی توانای کۆگاکردنیان 160 هەزار تۆنە، بە گوژمەی 84 ملیار دینار دروست کراون.
سایلۆ نوێیەکان:
سایلۆی هەولێر: بە گوژمەی 21 ملیار دینار و توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن.
سایلۆی سلێمانی: بە گوژمەی 20 ملیار دینار و توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن.
سایلۆی دهۆک: بە گوژمەی 17 ملیار دینار و توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن.
سایلۆی هەڵەبجە: بە گوژمەی 26 ملیار دینار و توانای کۆگاکردنی 40 هەزار تۆن.
چەندین سایلۆی دیکەش لە شارەکانی دهۆک، زاخۆ، کفری، کۆیە و هەریر دروست دەکرێن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵدا لە 1.8%ـەوە لە ساڵی 2018 بۆ 10% لە ساڵی 2025 بەرزبووەتەوە.
بەرهەمی جووتیاران و کارگە ناوخۆییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق نێردراوە. هەروەها بۆ یەکەمینجار، دەیان هەزار تۆن بەروبوومی جووتیارانی کوردستان هەناردەی بازاڕەکانی کەنداو و جیهان کراوە.
ئامارەکانی دیکەی کەرتی کشتوکاڵ:
11,105 کۆمپانیا لە بواری بەرهەمی جووتیاران و کارگە ناوخۆییەکاندا کار دەکەن و 319 کۆگای ساردکەرەوە و 30,000 خانووی پلاستیکی و 1,257 کارگە هەن.
ئەو بەرهەمانەی کە هەناردە کراون، برنج، سماق، هەنار و چەندین بەرهەمی دیکە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.