پارێزگاری هەولێر بە یاوەری شاندێکی باڵا سەردانی پرۆژەی دووسایدی هەولێر کۆیەی کرد و کۆمپانیای ئۆزانیش پێی راگەیاندن پرۆژەکە 30٪ی کارەکانی تەواوە بووە و لە کاتی دیاری کراوی خۆی زووتر تەواو دەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری شاندێکی باڵا، سەردانی پرۆژەی ڕێگای دووسایدی (هەولێر - کۆیە)ی کرد بە مەبەستی چاودێریکردنی چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکان. ئەم پرۆژەیە بە یەکێک لە شادەمارەکانی ڕێگاوبانی کوردستان دادەنرێت و پرۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگی سنووری پارێزگای هەولێرە.
پڕۆژەکە بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، و بە گوژمەی (560 ملیار و 443 ملیۆن دینار) لەلایەن کۆمپانیای ئوزان، کە کۆمپانیایەکی ناوخۆییە، دەست بە جێبەجێکردنی کراوە. لە ئێستادا 30%ی کارەکانی تەواو بووە و چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەکە زووتر لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواو بێت.
ڕێگاکە لە سێ لاینی ڕۆیشتن و سێ لاینی هاتن پێکهاتووە، پانیی هەر لاینێک 12 مەترە و بە سێ چینی قیڕی 22 سانتیمەتری دادەپۆشرێت. پڕۆژەکە 6 ئۆڤەر پاس، 5 ژێر پرد، و پردێکی گەورە بە درێژایی 250 مەتر لەخۆدەگرێت، بێجگە لە دروستکردنی 160 ئاوبڕی کۆنکرێتی.
پارێزگاری هەولێر دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاران، ئەندازیاران و کرێکاران و کۆمپانیای جێبەجێکار کرد بۆ هەوڵەکانیان لەم پرۆژەیەدا. بە تەواوبوونی ئەم ڕێگایە، ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاوڵاتییان دەکرێت و مەودای نێوان هەولێر و کۆیە بە نزیکەی 27 خولەک کەم دەبێتەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.