Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 01:54

بەردی بناغەی قوتابخانەیەک و بنکەیەکی تەندروستی لە گوندەکانی هەنارە و جمکە دانرا

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی نوێی خزمەتگوزاریی لە گوندەکانی هەنارە و جمکەی سەر بە قەزای پیرمام دانا، کە بریتین لە قوتابخانەیەک و بنکەیەکی تەندروستی. پڕۆژەکان بە گوژمەی زیاتر لە 1.7 ملیار دینار و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێن.

ئەمڕۆ شەممە 18ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە سەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بەردی بناغەی دوو پڕۆژەی نوێ لە سنووری قەزای پیرمام دانرا.

پڕۆژەکان بریتین لە دروستکردنی بنکەیەکی تەندروستی لە گوندی هەنارە و قوتابخانەیەک لە گوندی جمکە، کە بە گوژمەی 1 ملیار و 724 ملیۆن و 560 هەزار دینار، لەسەر بودجەی سندوقی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی فیدراڵی جێبەجێ دەکرێن.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "لە ماوەی ڕابردوودا، بە گوژمەی 12 ملیۆن دۆلار لە سندوقی پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی، ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ کراون".

هەروەها گوتی: "بە گوژمەی 50 ملیار و 750 ملیۆن دینار، دەست بە دروستکردنی 11 قوتابخانە و 7 بنکەی تەندروستی کراوە، کە یەکێکیان قوتابخانەی گڕاوەیە و ئەمڕۆ دەکرێتەوە".

پارێزگاری هەولێر هیوای خواست، کۆمپانیای جێبەجێکار لە ماوەی دیاریکراودا و بە کوالێتییەکی بەرز پڕۆژەکان تەواو بکات كە لەلایەن تیمەكانی ئەندازیاری پارێزگای هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر سەرپەرشتی دەكرێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.