Erbil 31°C ھەینی 12 حوزەیران 06:20

دۆناڵد ترەمپ داواکارییەکەی زێلینسکی بۆ مووشەکی تۆماهۆک ڕەت کردەوە

کوردستان TV
100%

کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا و ئۆکراینا، بەبێ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی مووشەکی تۆماهۆک کۆتایی هات. ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" ڕایگەیاندووە، ترەمپ بە زێلینسکی گوتووە کە لە ئێستادا نیازی نییە مووشەکی دوورمەودای بداتێ، چونکە ترسی هەیە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بخاتە مەترسییەوە.

کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی، هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڕۆژی هەینی بەبێ یەکلاییکردنەوەی "دۆسیەی تۆماهۆک" کۆتایی هات.

ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ـی ئەمریکی لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، دۆناڵد ترەمپ لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆشکی سپی، بە ڤۆلۆدیمیر زێلینسکی ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا نیازی نییە مووشەکی دوورمەودای "تۆماهۆک" بداتە ئۆکراینا، لە ترسی ئەوەی ئەو هەنگاوە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بخاتە مەترسییەوە.

زێلینسکی هیوای خواستبوو بە بەڵێنی پێدانی چەکی نوێوە ئەمریکا بەجێبهێڵێت، بەڵام بەگوێرەی "ئەکسیۆس"، دۆناڵد ترەمپی لە کەشێکی تەواو جیاوازدا بینیوە، چونکە ڕۆژێک پێشتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی دوو کاتژمێریی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئەنجامدابوو.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە قۆناغی ئێستادا دیپلۆماسی کاری لەپێشینەیەتی و پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکراینا لەوانەیە ئەو هەوڵانە بخاتە مەترسییەوە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" ڕایگەیاندووە، "سەرۆکی ئەمریکا پێدانی مووشەکی تۆماهۆکی ڕەت نەکردووەتەوە، بەڵام دوودڵ بووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو کۆبوونەوەیەی کە بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا لە هەنگاریا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتین ئەنجامی بدات".
 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.