Erbil 31°C شەممە 13 حوزەیران 12:10

جێگری سەرۆکی لیژنەی سەربازی ناوەندیی چین بەهۆی گەندەڵییەوە دوورخرایەوە

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی 17ـی تشرینی یەکەم، وەزارەتی بەرگریی چین ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوە لەبارەی گەندەڵییەوە لەگەڵ جەنەڕاڵ هی وێدۆنگ، جێگری سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناوەندی و هەشت بەرپرسی باڵای دیکەی سەربازی کراو هەموویان دوورخراونەتەوە.

جەنەڕاڵ هی وێدۆنگ، کە پێشتر پۆستی جێگری سەرۆکی لیژنەی سەربازیی ناوەندیی وەرگرتبوو، ماوەی چەند مانگێکە لەبەردەم خەڵکدا دەرنەکەوتووە، ئەمەش گومانەکانی لەبارەی چارەنووسییەوە وروژاندبوو، چونکە لیژنەی سەربازیی ناوەندی باڵاترین دەستەی سەرکردایەتی سوپای چینە و پۆستەکەی وێدۆنگ دەکاتە سێیەم باڵاترین بەرپرسی سەربازی لە وڵاتەکەدا، دوای سەرۆکی وڵات شی جینپینگ.ئاماژە بەوەشدرا، جەنەڕاڵ هی لە نمایشی گەورەی سەربازیی 3ی ئەیلول لە پەکین، بەبۆنەی 80 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم و سەرکەوتن بەسەر ژاپۆندا، بەشدار نەبووە.

پێشتر ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە مانگی نیساندا بڵاوی کردبووەوە کە ناوبراو دەستگیرکراوە و لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە. ئێستا ئەمە یەکەمجارە دەسەڵاتدارانی چین بە فەرمی دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی پشتڕاست بکەنەوە، بەڵام ڕوونیان نەکردووەتەوە ئایا دەستبەسەرە یان نا.

ژانگ شیاوگانگ، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە نۆ ئەفسەر لە ڕیزەکانی سوپا دوورخراونەتەوە. هەروەها گوتی، هی وێدۆنگ و حەوت کەسی دیکە، کە ئەوانیش ئەندامی لیژنەی ناوەندیی حزبی کۆمۆنیستن، لەو حزبەش دەرکراون.

 

 

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.