مەسرور بارزانی، لە ئاهەنگێکی جەماوەریدا بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ـی پارتی ڕایگەیاند، پارتی جیاوازی لە نێوان بەشەکانی کوردستاندا ناکات و هەموو بستێکی کوردستان بۆ پارتی پیرۆزە و ئامادەیە خزمەتی بست بە بستی ئەم خاکە بکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ـی تشرینی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی لە هەولێر داوای لێ کردن بە بەربڵاوی بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن و دەنگ بە لیستی ٢٧٥ـی پارتی بدەن بۆ ئەوەی مافەکانی خەڵکی کوردستان زیاتر مسۆگەر بکرێت و خاکی داگیرکراوی کوردستان بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان.
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، "لە کوردستان پارتی هیچ ڕکابەرێکی نەماوە، ئەوەی ماوە ئێستا لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن بۆیە پێویستە ئێمە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین. بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەو لایەنانەی چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایە. یا بۆ ئەو لایەن و کەسانەی نەیانتوانیوە لە کوردستان ململانێی پارتی بکەن، بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێ دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، ڕێگری لە پڕۆژە و سەرکەوتنەکانی کوردستان بکەن."
مەسرور بارزانی گوتی: من نامهەوێ باسی ئەو شتانە بکەم کە کردوومانە، چونکە شتی زۆر زۆر گەورەترمان لە پێشە. ئەوەی کردوومانە پێشکەشی ئێوە بێ، ئەوەی ماوە زۆر گەورەترە ئینشائەڵڵا. بەڵام خۆشە ئێوە هەموو شاهیدن دەبینن کە دەسکەوتەکانی پارتی چین، پێویستیمان بەوە نییە قەناعەت بە خەڵکی کوردستان بکەین بڕوامان پێ بکەن، کردارەکانی ئێمە باشترین شاهیدن بۆ ئەوەی پارتی کە قسەیەک دەکات جێبەجێشی دەکات.
دەقی کۆی گوتارەکەی مەسرور بارزانی لە ئاهەنگی جەماوەریی سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی لە هەولێر
خوشک و برایانی بەڕێز و خۆشەویست.
جەماوەری سەربەرز و خۆڕاگری ڕیبازی بارزانی. زۆر زۆر بەخێر بێن بەیانیتان باش.
دەستخۆشیتان لێ دەکەم و ماندوو نەبن. دەزانم ئەم وەرزەی هەڵبژاردن کە هاتووە، لەوانەیە زۆر زیاتر زەحمەتتان بدەین؛ بەڵام ئامادەبوونتان جێی ڕیز و پێزانینی هەموو لایەکمانە و هیودارین چۆن لێرە ئامادەن، بەردەوام بن لەو ماوەیە بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان، لیستی سەربەرزی شەهیدان، لیستی پێشمەرگە قارەمانەکان، لیستی سەرۆک بارزانی، لیستی ئەم کاندیدە سەربەرزانە کە دەبنە نوێنەری ڕاستەقینەی خەلكی کوردستان.
خوشک و برایان
ئەم ماوەیە بۆ مانگێک، ئێمە خزمەتی ئەو خوشک و برایانە دەکەین بۆ ئەوەی بۆ چوار ساڵ ئەوان بتوانن لە بەغدا خزمەتی خەلكی کوردستان بکەن، بۆیە بەیەکەوە پشتیوان دەبین بۆ سەر خستنی ئەم لیستە و بۆ ناردنی ئەم خوشک و برایانە بۆ پەرلەمانی عێراق.
بێگومان پێشڕەوی کورد ئینشاڵلا هەتاهەتایە هەر پارتی دەبێت و هەر بارزانیش سەرۆکمان دەبێت.
سڵاوی خوای گەورەتان لێ بێت و سڵاوی جەنابی سەرۆک بارزانیتان پێ ڕادەگەیەنم.
هەڤاڵانی بەڕێز و خۆشەویست، دیسان وەرزی هەڵبژاردنە و ئەبێ هەوڵێکی جیددی بدەین بۆ ئەوەی پارتی هەر وەک خۆشتان دەزانن ببێت بە ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکیی نەتەوەکەمان. سەرخستنی ئەم لیستە، سەرخستنی لیستی پارتی بۆ ئەوەیە کە هەموو خەونەکانی گەلەکەمان ببێت بە ڕاستی. ئەم هەڵبژاردنە بۆ گرینگە؟ ئەم هەڵبژاردنە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە. لەوانەیە زۆر پرسیار دروست ببێت کە بۆ ئێمە پێویستە ئەم هەڵبژاردنە زۆر زۆر خۆمان ماندوو بکەین و بۆ سەر بکەوین؟
بەڕێزان لە کوردستان پارتی هیچ ڕکابەرێکی نەماوە، ئەوەی ماوە ئێستا لە بەغدا ململانێی پارتی دەکەن بۆیە پێویستە ئێمە بچینە بەغدا و لەوێ شەڕ لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بکەین. بەغدا بووەتە شوێنێک بۆ هەموو ئەو لایەنانەی چاویان بە سەرکەوتنی کوردستان هەڵنایە. یا بۆ ئەو لایەن و کەسانەی نەیانتوانیوە لە کوردستان ململانێی پارتی بکەن، بەغدایان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی لەوێ دژایەتیی هەرێمی کوردستان بکەن، ڕێگری لە پڕۆژە و سەرکەوتنەکانی کوردستان بکەن. بۆیە ئێمە پێویستە بچینە ئەوێ بە هەوڵی خۆمان، بە بوونی خۆمان، بە بوونی هەواڵانی تێکۆشەری پارتی، لەوێ بتوانین ئەو بەربەستانەش هەڵگرین، ئەو ڕێگرییانە هەڵگرین و جارێکی تر هەموو شتەکان بخەینەوە سەر ڕێگەی ڕاست، پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی تر وا بکەین بەهێزتر بن و وا بکەین دەستوور جێبەجێ بکرێ و هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان لە بەغداوە دەستەبەر بکرێن.
ئێمە ئەم نوێنەرانە دەنێرینە بەغدا بۆ ئەوەی نەک تەنیا بەرگری لە مافی خەڵکی کوردستان بکەن، دەبێت بەرگری لە مافی تاک تاکی خەڵکی ئەم وڵاتە بکەن، بە هەموو پێکهاتەکانەوە، بە هەموو ئایینەکانەوە، ئەبێت بەرگری لە دیموکراسییەت بکەن، بەرگری لە دەستوور بکەن، بەرگری لە فیدراڵییەت بکەن، بەرگری لە خەڵکی ستەملێکراو بکەن؛ نوێنەرانی ئێمە، نوێنەرانی هەموو ئەو کەسانەن کە بە دوای چەسپاندنی دادپەروەرین.
خوشک و برایان
ئێمە چۆن هەڵبژاردن بکەین؟ کادیری پارتی کادیرێکی بەڕەوشتە؛ ئەندامانی پارتی لەسەر ڕێبازێک پەروەردە کراون کە ڕێز لە یاسا بگرن. بەشێوەیەکی شارستانی دەبێت بانگەشەی هەڵبژاردن بکرێت. بۆیە داوا لە هەموو لایەکتان دەکەم لە ئاستی پارتی بانگەشە بکەن، خۆتان مەهێننە ڕیزی ئاستی خەڵکانێکی تر چاویان بە سەرکەوتنی ئێوە هەڵنایەت.
ئێمە کە بانگەشەی هەڵبژاردن دەکەین بێگومان دەبێ باسی هەم ڕابردووی خۆمان بکەین، هەم باسی ئەوە بکەین چیمان کردووە بۆ خەڵک؛ هەم باسی بەرنامەی ئایندە و داهاتووی کوردستانیش بکەین. ئەگەر ئێستا کەسێک هاتبا و بە ئێوەی بگوتبا، بەڵێنی بە ئێوە بدابا کە ئێمە دێین کێشەی کارەبا چارەسەر دەکەین، دێین قەیرانی ئاو چارەسەر دەکەین، دێین هەوای پیسی هەولێر پاک دەکەینەوە، دێین کارێکی وا دەکەین چیتر دووکەڵی موەلیدە هەڵنەمژن، دێین پشتێنێکی سەوزایی و دارستان لە دەوری هەولێر دروست دەکەین، دێین خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەشی هاووڵاتییان دەکەین. لەوانەیە پرسێک دروست ببا کە ئەم بەڵێنانە زۆر قورسن و جێبەجێ ناکرێن؛ یان دڵمان پێی خۆش با کە ئەمانە بەڵێنی زۆر گەورەن و ئەگەر ببن، پێشکەوتنی گەورە لە وڵاتەکەماندا دەروست دەبێت. خوشک و برایان، ئەمانە بەڵێن نین، ئەمانە هەموو ئەو دەسکەوتانەن کە پارتی بۆ ئەم وڵاتە و بۆ هەولێر و بۆ کوردستان بەجێی هێناون.
شکور بۆ خوا لە سایەی سەرکردایەتیی پارتی، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی کە پارتی سەرپەرشتیی کردووە، هەگبەی پڕە لە دەسکەوت، لە بەرگریکردن لە ماف و کەرامەتی خاک و نیشتمان و ئەم گەلە، لە پێشکەوتن، لە ئاوەدانی و سەرکەوتن و پێشکەوتنی زۆر گەورەش چاوەڕێی ئێمە دەکات لە ئایندەدا.
پێشتریش گوتیان دەتانڕووخێنین، دەتانوەستێنین، تێکی دەدەین، گوتمان ناتوانن و نەشیانتوانی؛ نەیانتوانی ڕامانگرن. ئێستاش دەیانەوێ گومان دروست بکەن لەسەر ئەوەی کە بتوانین دەسکەوتی زیاتر بەدەست بێنین، کە بتوانین هەموو دەسکەوت و مافەکانی خەڵکی کوردستان لە دەستووردا جێبەجێ بکەین؛ کە بتوانین هەموو بستێکی داگیرکراوی کوردستان بگەڕێنینەوە، کە بتوانین هەنگاو بە هەنگاو بەرەو کوردستانێکی پێشکەوتووتر بڕۆین. ئێستاش دەیانەوێ گومانمان بۆ دروست بکەن و پێمان بڵێن ئێوە ناتوانن ئەو سەرکەوتنانە بەدەست بێنن. بەڵام دیسانیش دەڵێین ئێمە دەتوانین، دەتوانین زیاتر سەرکەوتن بەدەست بێنین؛ دەتوانین زیاتر بەرەو پێشەوە بچین؛ دەتوانین پارتی ببێتە گەورەترین و سەرکەوتووترین لیست لە هەڵبژاردنی عێراق لەم وەرزی هەڵبژاردنەدا.
خوشک و برایان
ئەم سەرکەوتنانە منەتی کەسی تێدا نییە. کەس خێری پێ نەکردووین. ئەمە بەرهەمی قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانە. بەرهەمی ڕەنجی خەباتی ئێوەی خۆشەویستە. دەسکەوتی جووتیارەکانمانە، هی مامۆستاکانمانە، هی فەرمانبەرەکانمانە، هی قوتابییەکانمانە، هی دایک و باوکە خۆشەویستەکانمانە، هی خۆڕاگریی ئەم نەتەوەیەیە؛ ئەمانە دەسکەوتی ڕێبازی بارزانین. بۆیە کەس منەتمان بەسەردا نەکات. ئەوەی کردوومانە بە دەست و بازووی خۆمان بەدەستمان هێناوە.
خوشک و برایان
من پەیامێکم بۆ ئەندامان و لایەنگرانی پارتی هەیە. پێش هەموو شتێک دەستی ماندووتان دەگوشم. سپاسیشتان دەکەم. ئێوە نەبوونایە، ئێمە هیچکام لەو دەسکەوتانەمان بەدەست نەدەهێنا؛ خوامان لەگەڵ بووە، بەڵام هێزی بازووی ئێوە بووە، کە هێزی بە ئێمە بەخشیوە توانیومانە سەرکەوتن دوای سەرکەوتن تۆمار بکەین. بۆیە سوپاس بۆ ئێوە. سوپاس بۆ ئێوە خوشک و برایانی بەڕێز، بەڵام با بزانین ئەم هەڵبژاردنانەش دیسان چاوەڕێی هەڵمەتی ئێوەن، چاوەڕێی دەنگی ئێوەن. تکاتان لێ دەکەم هەمووتان بچن بۆ سەر سندووقی دەنگدان، جارێکی تر، سەرکەوتنێکی گەورەتر بۆ پارتی تۆمار بکەن.
خوشک و برایان
دەمەوێ سەرنجتان بۆ بابەتێک ڕابکێشم. بۆ ئەو کەسانەی تاکوو ئێستا دڵنیا نین لەوەی کە ئەم هەڵبژاردنانە چەند گرینگن. دڵنیا بن ئەگەر ئێمە دەنگ نەدەین، ئەگەر ئێوە نەچنە سەر سندووقی دەنگەکان، خەڵکێکی تر لەجیاتی ئێوە دەنگ دەدات، خەڵکێکی تر لە جیاتی ئێوە بڕیار دەدات، خۆشتان دەزانن ئەگەر پارتی وەکوو هەوێنی سەرکەوتن، گەورەترین دەنگەکان بەدەست نەهێنێت، ئەو دەنگانەی بۆ لایەنەکانی تر دەچن، ناکەونە خزمەتی کوردستان. بۆیە ئەرکە بۆ هەمووتان کە ئێمە بڕۆین و گەورەترین و زیاترین دەنگ بۆ پارتی بەدەست بێنین بۆ ئەوەی بتوانین زیاترین خزمەت بە کوردستان بکەین.
خەڵکی تر پێشتریش هەوڵی جددییان داوە کە لەجیاتی ئێمە خۆیان وەکوو نوێنەری خەڵکی کوردستان پێشان بدەن. بەڵام بە داخەوە نە بەرگرییان لە کوردستان کردووە، نە ئامادە بوون لەسەر کوردستان خۆیان بکەن بە قوربانی؛ بەڵکوو دەستیان لەگەڵ دەستی ناحەز تێکەڵ کرد و پیلانیان دژی کوردستان داڕشت. بۆ ئەوەی ڕێگری لەوانە بکرێت، بۆ ئەوەی دەستی ئەوانە کورت بکرێت، دەبێ پارتی بە هەموو هێزی خۆیەوە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا.
پەیامێکی تریشم هەیە بۆ ئەو خەڵکانەی تاکوو ئێستا بڕوایان بە لایەنەکانی تر هەیە و پێیان وایە دەتوانن دەسکەوت بەدەست بێنن ئەگەر دەنگ بە لایەنەکانی تر بدەن. بەڕێزان، هەر وەک گوتم ئێمە هەگبەمان پڕە لە دەسکەوت، دەتوانین لە بەیانی تاکوو ئێوارە باسی دەسکەوتەکانامان بکەین، باسی خۆڕاگرییەکانمان بکەین، باسی قوربانیدانی خۆمان بکەین، باسی ئەوە بکەین کە لە کاتی تەنگانە چۆن پارتی لە سەنگەری پێشەوە بووە، لە کاتی ئاوەدانی چۆن پارتی دانەر و داڕێژەری بەردی بناغەی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان بووە؛ دەتوانین بە سەعات باسی دەسکەوتەکانمان بکەین. من داوا لەو خوشک و برایانە دەکەم پرسیارێک ئاراستەی ئەو لایەنانە بکەن: یەک دەسکەوت با پێمان بڵێن چی بووە بۆ ئەم وڵاتە کە ئەوان هێناویانەتە دەست. یەک دەسکەوت کە بە بێ پارتی هاتبێتە دەست لەم وڵاتە با بۆ ئێمە باسی بکەن. با پێمان بڵێن جگە لە پارتی کێ بووە توانیویەتی ڕووبەڕووی ئەو هەموو تەحەدیات و ئاڵنگارییەکان بوەستێتەوە. کێ بووە جگە لە پارتی بتوانێت سەرکێشیی ئەم قۆناغە و قۆناغە سەختەکانی پێشووتریش بکات. کێ لە پاتی دەتوانێت ئایندەیەکی گەشتر و باشتر بۆ ئەم وڵاتە دروست بکات. بێگومان جگە لە پارتی هیچ هێزێکی تر ئەو تواناییەی نییە. ئینجا با خۆیان ماندوو نەکەن، نە دژایەتیی پارتی بکەن. داوام لە خوشک و برایانی ترمان هەیە لە هەرێمی کوردستان دەنگی خۆیان بە فیڕۆ نەدەن. وەرن لەگەڵ ئەو لایەنە بوەستن کە خوا پشتیوانێتی. کە ئەم گەلە پشتیوانێتی. کە پێشمەرگە قارەمانەکان ئەم حزبە و ئەم ڕێبازەیان هەڵبژاردووە. ئێوەش وەرن لەگەڵ ئێمە هەموومان بەیەکەوە جوانین، هەموومان بە یەکەوە دەتوانین سەرکەوتنی گەورەتریش بەدەست بێنین. دەنگ بدەن بە پارتی بۆ ئەوەی سەرکەوتووتر بین. بۆ ئەوەی سەربەرزتر بین.
خوشک و برایان
من ناچارم هێندێک راستی باس بکەم. ناچارم باسی هێندێک رووداو بکەم. هەموو ئەو لایەنانەی چاویان بە سەرکەوتنی پارتی هەڵنەدەهات، بەڵام نەیاندەتوانی لێرە پارتی بوەستێنن، چۆن دەستیان تێکەڵ کرد بۆ ئەوەی گرفت بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرکەوتنەکانمان بکەن، چۆن بەرنامەیان داڕشت بودجەی هەرێم ببڕن، لەگەڵ لایەنەکانی تر ڕێک کەوتن چۆن فشار لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن. پێیان وابوو ئەگەر فشار لەسەر پارتی دروست بکەن ئیتر سەرکەوتوون. بەڵام ئەوەی نایزانن ئەمەیە، ئەو فشارە تەنیا لەسەر پارتی نەبووە. ئەو هەوڵانە تەنیا دژی پارتی نەبوون. ئەوانە دژی هەموو خەڵکی کوردستان بوون. پارتی بەشێکی گرینگی ئەم وڵاتەیە، بەشێکی گرینگی ئەم خەڵکەیە، ئەوەی بیەوێت بەرامبەر بە پارتی بوەستێت دەبێ بەرامبەر بە هەموو خەڵکی کوردستان بوەستێت.
بۆ ئەوەی پارتی بشکێنن، ئامادە بوون هەمووتان بشکێنن؛ بۆ ئەوەی پارتی ئازار بدەن، ئامادە بوون هەمووتان ئازار بدەن. بینیمان لەو هەوڵە بەردەوامانەی داویانە بۆ ئەوە بووە کە حکوومەتی هەرێم بە هەموو لایەنەکانییەوە، بە هەموو خەڵکییەوە، تووشی گرفت و ئاستەنگ بێت. هەموو خەڵکی کوردستان بەداخەوە لەم زەرەر و زیان پێ گەیاندنە بەشدار بووە. حەیف کە لایەنی کوردستانی هەبووە ویستوویانە زەرەر بە خەڵکی کوردستان بگەیەنن. ئەوەی پارێزەری ڕاستەقینەی مافی خەڵکی کوردستان بووە، پارتی بووە؛ بۆیە جارێکی تریش دووپاتی دەکەمەوە، بۆ ئەوەی دیموکراسییەت سەر بکەوێت، بۆ ئەوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکرێن، بۆ ئەوەی چیتر هیچ پیلانێک سەر نەکەوێت، ئەبێ پارتی سەر کەوێت.
خوشک و برایان، ئێمە نەهاتووین بەس باسی ڕابردوو بکەین، هەروەک باسم کرد هەرچی بەڵێنمان داوە بەجێمان هێناوە. دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم ئێمە خەونی گەورەمان هەیە. بەرنامەی گەورەمان هەیە بۆ ئایندە. ڕاستە مێژوویەکی پڕ سەروەریمان هەیە، مێژوویەکی پڕ قوربانیمان هەیە. بەڵام ڕوئیایەکی گەورەشمان هەیە بۆ ئایندەیەکی گەشتر بۆ گەنجەکانمان، بۆ نەوەی داهاتوو، بۆ سەرخستنی کوردستان، بۆ ژیانێکی باشتر، بەختەوەرتر، بۆ ئەوەی مامۆستایان، کرێکاران، جووتیاران و هەموو چین و توێژێکی ئەم وڵاتە سەربەرز بن. بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتریان هەبێت. بۆ ئەوەی کوردستان و مافەکانی کوردستان مسۆگەرتر بێت. بۆ ئەوەی بست بە بستی خاکی داگیرکراوی کوردستان بگەڕێتەوە. بۆ ئەوەی گەنجەکانمان ڕوو لە هەندەران نەکەن و بە پێچەوانەوە ئەوانەی لە دەرێشن بگەڕێنەوە کوردستان، بەرنامەمان هەیە، پارتی ڕۆئیای هەیە، پارتی بەرنامەی هەیە و پارتی دەتوانێ ئەم بەرنامەیە جێبەجێ بکات.
ئەو ڕێگاوبانانە، باسی جووتسایدی کۆیە کرا، ئەمە ئەرکە، ئێمە جیاوازی لە هیچ شوێنێکی کوردستان ناکەین، هەر بستێکی ئەم خاکە بۆ پارتی پیرۆزە و ئامادەین خزمەتی بست بە بستی ئەم خاکە بکەین. ئێمە پێویستیمان بەوەیە بۆ ئەوەی بەهێزتر بین، بۆ ئەوەی بتوانین مافەکانمان دەستەبەر بکەین، خەڵکێک بنێرینە بەغدا، لەوێ خەریکی بەرژەوەندیی تایبەتیی خۆی نەبێت، خەریکی ڕێککەوتنی لابەلا نەبێت. خەڵکێک بنێرینە ئەوێ کە نوێنەری ڕاستەقینەی ئێوە بێت. کە شەڕ لەسەر مافەکانی ئێوە بکات، کە بۆ ئایندەیەکی مسۆگەرتری کوردستان لەوێ خەبات بکات. ئەبێ خەڵکێک بنێرینە ئەوێ کە ڕاستگۆ بێت، لەگەڵ خوای خۆی، لەگەڵ ویژدانی خۆی، لەگەڵ خەڵکی خۆی. ئەبێت ئەم خوشک و برایانە بنێرینە بەغدا.
خوشک و برایان، ئێمە دەچینە بەغدا بۆ ئەوەی بەرگری لە مافی نەتەوەکانی تریش بکەین. بۆ ئەوەی بەرگری لە ئایینەکانی تریش بکەین. بینیمان لەم ماوەیە بە چ جۆرێک ستەم لە خوشک و برا کریستیانەکانمان کراوە و بەردەوام دەکرێت. بینیمان چۆن ستەم لە خوشک و برا تورکمانەکانمان کراوە و بەردەوام دەکرێت. نوێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان، نوێنەرانی هەموو چین و توێژ و ئایین و نەتەوەیەکن، نوێنەری هەموو خەڵکی عێراقن، کە دەچینە ئەوێ پارێزگاری و بەرگری لە مافی هەموو نەتەوەکان و هەموو ئایینەکان دەکەین.
یەکسانی، دادپەروەری بەشێکی گرینگە لە کولتووری پارتایەتی، ئێمە دژی ستەمکار دەوەستینەوە بۆ ئەوەی دادپەروەری بۆ ستەملێکراو دروست بکەین؛ ئێمە دژی داگیرکەر دەوەستینەوە بۆ ئەوەی خاکی داگیرکراومان ڕزگار بکەین. ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەموو نەتەوەیەک و هەموو ئایینێک بە سەربەرزی بژی و منەتی کەسی بە سەرەوە نەبێت. پارتی کە خزمەتی لایەنەکان دەکات قەت منەتیان بەسەرەوە ناکات. پارتی خزمەتکردن بە ئەرک دەزانێت. بە بەشێک لە بوونی خۆی دەزانێت، لە ڕێبازی خۆی دەزانێت.
بۆیە خوشک و برایان تکاتان لێ دەکەم، متمانەمان پێ بکەن، ئەو متمانەیەی تا ئێستا بە ئێمەتان کردووە، بەرهەمەکانتان بینیوە؛ بەڵێنمان دا، بڕواتان کرد، متمانەتان پێ داین، بەڵێنەکانمان جێبەجێ کرد و لە ئاستی ئەو متمانەیە بووین کە ئێوە بە ئێمەتان دا. لەمەودواش بەردەوام بن لەوەی متمانەمان پێ بکەن بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی ئێوە بکەین.
خوشک و برایان
ئەرکی ئێمە قورسە، هێشتا زۆرمان ماوە، ئێمە تەنیا کێشەمان مووچە نییە. کێشەمان خاکە، کێشەمان ناسنامەیە، کێشەمان دادپەروەرییە، کێشەمان یەکسانییە، کێشەمان هەموو ئەو مافانەیە کە تاکوو ئێستا بەدەست نەهاتوون. ئێمە داواتان لێ دەکەین متمانەمان پێ بکەین بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر هەموو ئەو خاڵانە بەردەوام بین تاکوو گەیشتن بە ئامانجە کۆتاییەکەمان. کەرکووک، مەخموور، شنگال، بست بە بستی ئەم خاکە هیچیان بەلای ئێمەوە بەشێک نین لە جوگرافیا، ئەوانە هەست و ڕۆحی ئێمەن، بەشێکن لە جەستەی ئێمە. لەبەر ئەوە، ئەوەی لە تواناماندا بێت ئەبێ بیکەین بۆ گەڕاندنەوەی بست بە بستی ئەم خاکە پیرۆزە بۆ نیشتمانی کوردستانمان.
ئێمە قبووڵمان کردووە لە عێراقێکی فیدراڵیدا بژین. بەڵام عێراقێکی فیدراڵی کە بڕوای بە فیدرڵییەت هەیە. بە هەموو مافەکانی دەستووری ئەم وڵاتە هەیە. خەڵکی کوردستان مافەکانی دیارن. خاکی کوردستان، بست بە بستی ئەم شوێنانەی کە باسم کرد، بەشێکن لە جەستەی کوردستان، ناکرێ بە جۆرێک تەعامول لەگەڵ دەستوور بکرێت کە لە بەرژوەندیی لایەنێک بێ و دژی هەرێمی کوردستان بێت. ئێمە پێویستە ئەو شەڕە لە بەغدا بکەین بۆ ئەوەی دەستوور وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی ماددەی 140 وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەوەی بودجەی هەرێم وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەوەی هەموو مافی خەڵکی کوردستان وەکوو خۆی دەستەبەر بکرێت و هیچ کەس توانای ئەوەی نەبێ خۆی بە بەرزتر بزانێ و نوێنەری کوردستانیش لەوێ هەبن خۆیان بە کەمتر بزانن. پارتی خۆی لە هیچ کەسێک بە کەمتر نازانێت و پارتی بەرامبەریان دەوەستێت و پارتی لە ئاستی هەموو لایەکە و لە پێناوی بەرژوەندی و مافەکانی خەڵکی کوردستان، پارتی ئامادەیە ڕووبەڕووی هەموو کەسێک ببێتەوە.
خوشک و برایان
من نامهەوێ باسی ئەو شتانە بکەم کە کردوومانە، چونکە شتی زۆر زۆر گەورەترمان لە پێشە. ئەوەی کردوومانە پێشکەشی ئێوە بێ، ئەوەی ماوە زۆر گەورەترە ئینشائەڵڵا. بەڵام خۆشە ئێوە هەموو شاهیدن دەبینن کە دەسکەوتەکانی پارتی چین، پێویستیمان بەوە نییە قەناعەت بە خەڵکی کوردستان بکەین بڕوامان پێ بکەن، کردارەکانی ئێمە باشترین شاهیدن بۆ ئەوەی پارتی کە قسەیەک دەکات جێبەجێشی دەکات.
ئێستاش خوشک و برایان من لەوە زیاتر کاتتان ناگرم. زۆر زۆر سپاستان دەکەم دەزانم ماندوون بەڵام دیسانیش داواتان لێ دەکەم تۆزێک زیاتر خۆتان ماندوو بکەن، مانگێک خزمەتی ئەو خوشک و برایانە بکەن، بۆ ئەوەی چوار ساڵ خزمەتی ئێمە بکەن، بۆ ئەوەی خزمەتی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی ڕێگە لە خەڵکی تر بگرن پیلان بەرامبەر بە ئێوە بگێڕن. بۆ ئەوەی کوردستان بچێتە قۆناغێکی مسۆگەرتر، گەشاوەتر، پێشکەوتووتر؛ بۆ ئەوەی دادپەروەری، یەکسانی، دیموکراسی، فیدراڵی دەستەبەر بکرێت، هەموو مافەکانی خەڵکی کوردستان دەستەبەر بکرێن، تکاتان لێ دەکەم دەنگ بدەن بە لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان.
هەر سەرکەوتوون.
کوردستان هەر ئاوەدان بێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.