گوتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند بەرە بەیانی ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەی عومرەکاران بۆ کوردستان، عومرەکارێکی کورد لە مەرزی عەڕعەڕی نێوان سعوودیا و عێراق کۆچی دوایی کرد.
ڕۆژی پێنجشەممە، 16ـی تشرینی یەکەم، کاروان ستونی وتەبێژی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان و دوای ئەنجامدانی سونەتی عومرە، عومرەکارێکی کورد بەناوی مەلیحە ئەحمەد عەلی خان، لە سنووری عەڕعەڕی سعوودیە کۆچی دوایی کرد.
کاروان ستونی گوتی: ئەم عومرەکارە خەڵکی کەلار و تەمەنی هەشتا و هەشت ساڵ بووە و هیچ نەخۆشییەکی نەبووە؛ ئەمرۆ لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی کوردستان لە دیوی سعوودیە لە مەرزی عەڕعەڕ کۆچی دوایی کردووە. دوای تەواوکردنی مامەڵەکان هەر ئەمرۆ بڕیارە تەرمەکەی لە شاری کەلار بەخاک بسپێردرێت.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو عومرەکارانەی تاوەکوو ئێستا لە سعوودیە کۆچی دواییان کردووە کاروان ستونی ڕایگەیاند: ئەمە دەیەمین عومرەکاری کوردە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە سعوودیەوە کۆچی دوایی بکات و یەکەم عومرەکاری کوردە لە دوای بە جێگەیاندنی سونەتی عومڕە قسمەتی وابێت تەرمەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەخاک بسپێردرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.